زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە، بۆ قسەکردن لەسەر پابەندییە داراییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ تەرخانکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا، بە زاری کرمانجی گووت:” لەکۆبوونەوەکەدا وادەی ناردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم تاوتودەکرێت، بەتایبەتی پرسی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی نەوتی کە لەکۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.
ئەو سەرچاوەیە، دووپاتی لەوەکردوە، پێویست بوو بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و سەرکردە و بەرپرسەکانی عێراق ئەنجامدرابا تا بڕیار لە دژی هەرێم نەدرێت یا ئەرکی حکوومەتی هەرێم قورستر نەکرێت، چونکە دواجار فەرمانبەر و هاووڵاتی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن .

































































