
رێبوار حەمەلاو شوانی
لە مێژووى کۆن و نوێدا، ئاڵاى هەر گەل و وڵاتێک، ناساندنی جەوهەر و ناوەڕۆکى سیستەمى حوکمڕانیى ئەو وڵات و نەتەوەیە، وەک پێناسەیەکە بۆ ناساندنى مێژوو و جوگرافیا و کولتوورەكەی، واتا ئاڵا ناسنامەى شارستانییەت و بیروباوەڕى هەر گەل و نەتەوەیەکە، بۆیە هەر لە کۆنەوە تا ئێستا، بەرزکردنەوە و بەرزڕاگرتنى ئاڵا ئاماژە و سیمبولى بەهێزبوونى ئەو وڵات و گەل و نەتەوەیەك بووە و لە هەر سەرکەوتنێکدا ئاڵاكەیان بەرز کراوەتەوە و چین و توێژەکانی وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێزلێنان لە بەرامبەریدا وەستاون.
گەلێکى وەک کورد کە دەیان ساڵە کۆڵنەدەرانە خەبات و قوربانى دەدات و سەرکەوتن لەدواى سەرکەوتنى بەدیی هێناوە و بۆ پارێزگاریکردن لە شوناس و مێژوو و کولتوور و جوگرافیاکەى بەرامبەر بە دڕندەترین دوژمنان و داگیرکەران وەستاوەتەوە، شەکانەوە و بەرزڕاگرتنى ئاڵاى کوردستان زەرووەرتێکى مێژووییە.
لەسەر ئاستى هەموو وڵاتان، هەر وڵاتێک ڕێزى تایبەتى بۆ ئاڵاى وڵات و نەتەوەکەیان دادەنێ، بە شێوەیەک لە هەندێک وڵاتان بە هۆى خۆشەویستیى بێوێنە، هەتا ئاڵا بە دەرگەى ماڵەکانیان و لە سەربانى ماڵەکانیان هەڵدەدەن و بەرزی دەکەنەوە، هەروەها لەناو دامودەزگا و قوتابخانەکان و شوێنە وەرزشى و فەرمییەکانیان هەمیشە وەک شکۆى نەتەوەیى ئاڵا بە بەرزى رادەگرن.
ئێمەى کوردیش وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن و خاوەن مێژوو، خاوەن ئاڵاى خۆمانیان و ئەم ئاڵایە لەسەر ئاستى هەر چوارپارچەى کوردستان جێگەى پەسەندە و زۆرینەى گەلى کورد و تاک بە تاکى کورد و هەموو پێکهاتەکانى کوردستان ڕێز لەو ئاڵایە دەگرن کە بە ئاڵاى کوردستان دەناسرێتەوە.
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن خاک و جوگرافیا و زمان و مێژوو، هەمیشە خەباتى کردووە تا وەک گەل و نەتەوەکانى دیکە لەسەر خاکى خۆى، خاوەن دەوڵەت و سەربەخۆیی سیاسى و ئیداری بێت.
لە مێژووی زیاتر لە سەد ساڵى رابردوودا، چەندین شۆڕش و ڕاپەرین بەرپا بووە، هەر لە شۆڕش و راپەڕینەکانى بەتلیس و بارزان و شێخ سەعیدى پیران، شێخ مەحموودى حەفید، شۆڕشى ئارارات و راپەڕینى سمکۆى شکاک و کۆمارى کوردستان و شۆڕشى مەزنى ئەیلوول، هەموویان خاوەن یەک ئاڵا و یەک ئامانج و بیروباوەڕ بوون، ئەویش دامەزراندنى کوردستانێکى سەربەخۆ کە تێیدا ماف و ئازادییەکانى گەلى کورد و پێكهاتەكانی دیكەی تێدا پارێزراو بێت.
بەپێى سەرچاوە مێژووییەکان، ئاڵاى ئێستاى کوردستان لە ساڵى 1920 لەلایەن کۆمەڵەى تەعالى و تەرەقى لە باکوورى کوردستان بەکار هێنراوە، خۆرێک لە ناوەڕاستى ڕەنگە سپیەکەیە و لەلایەن شۆڕشگێڕانى راپەڕینى ئاراراتەوە وەک ئاڵاى کوردستان بەکار هێنراوە. لە سەردەمى کۆمارى کوردستان لە شارى مەهاباد ئەم ئاڵایە بەکار هێنراوە، دواى تێپەڕبوونى 58 ساڵ بەسەر هەڵدانى ئاڵاى کوردستان لە مەهاباد، لە ڕێکەوتى 11/11/1999 هەر ئەم ئاڵایە لەلایەن پەرلەمانى هەرێمى کوردستان وەک ئاڵاى هەرێمى کوردستان پەسند کرا، بەو جیاوازییە کە لۆگۆى ناوەڕاستى ئاڵاکە بە خۆرێک کە 21ى تیشکى لێ دەبێتەوە نەخشێنراوە و دە ساڵ دواتر، رۆژى 17ى کانوونى یەکەم وەک رۆژى ئاڵاى کوردستان لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسند کرا.
ئاڵاى کوردستان لە ماوەى سەد ساڵدا، بەپێى هەموو بەڵگە مێژووییەکان لەسەر ئاستى کوردستان، لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییەکانى بزاڤى نەتەوەیی گەلى کورد وەک یەکێک لە هێما و شوناسى نەتەوەیی کارى پێکراوە و پیرۆزیى خۆى وەرگرتووە، واتا ئاڵاى کوردستان لەپاڵ سروودى نەتەوەیی، بەشانازییەوە بەرز دەکرێتەوە، واتە ڕێزگرتن لەو هێمایە دەبێتە ئەرکێكى تاک بە تاکى کورد.
هەر بۆیە ئاڵا هێماى ناساندنى گەل و نەتەوە و شارستانییەتى هەر وڵاتێکە، بە شێوەیەک، بە سەرنجدان لەسەر ئاڵاى هەر وڵاتێک، دەتوانرێت تا رادەیەک ئایین و مەزهەب و کولتووى خەڵکى ئەو وڵاتەى لێ بخوێندرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا دەردەکەوێ کە خەڵکى ئەو وڵاتە بە هەموو شتێکى خۆیان شانازى دەکەن و بۆیان گرنگە، بۆیە دەتوانین بڵێین، ئاڵا حوکمى ناسنامەى نەتەوەیی هەیە و ئەرکى سەرشانى تاک بە تاکى کۆمەڵگەیە وەک رەمز و سیمبولى نەتەوەکەى ڕێز لە ئاڵا بگرێت و شانازیى پێوە بکات.
تاگەكان :































































