حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، نوێترین زانیاری لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە دۆسیەی نەوتدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە لێکتێگەیشتنەکان بەردەوامن.
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنی نەوتی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق هیچ کێشەیەکی نییە و لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن بەڕێوەدەچێت.
حەمدی شنگالی جەختیشی کردەوە کە رێککەوتنەکە لە قۆناغی داهاتوودا نوێ دەکرێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.

































































