شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی:
نەخۆشی وشكبوونەوەی چاو دەتوانێت زیان بە ڕووی چاو بگەیەنێت و تەنانەت كار بكاتە سەر بینین. ئێستا بە چاندنی ڕژێنی فرمێسكی مرۆڤ لە تاقیگەدا، زاناكان دۆزینەوەیەكی گەورەیان بەدەستهێناوە كە دەتوانێت ڕێڕەوی چارەسەری نەخۆشییەكە بگۆڕێت.
ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات كە پرۆسەیەكی گرنگی پاككردنەوەی خانەیی كە پێی دەوترێت “ئۆتۆفاژی” ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە پاراستنی كاركردنی ئاسایی ڕژێنەكانی فرمێسك. تێكچوونی ئەم میكانیزمە دەتوانێت بەرهەمهێنانی فرمێسك كەم بكاتەوە و بەشداربێت لە گەشەكردنی وشكبوونەوەی چاوەكان.
خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە نزیكەی لەسەدا ٥ بۆ ١٥ی خەڵك كێشەیان لەگەڵ وشكبوونەوەی چاودا هەیە، حاڵەتێك كە نیشانەكانی وەك سووربوونەوە، سووتانەوە، ماندوێتی و هەستكردن بە ناڕەحەتی لە چاوەكاندا لەگەڵدایە. ئەگەر نەخۆشییەكە چارەسەر نەكرێت، ئەگەری تووشبوون بە هەوكردنی چاو زیاد دەكات و زیان بە ڕووی چاو دەگەیەنێت، زیانەكان كە لە حاڵەتە توندەكاندا دەبێتە هۆی كزبوون و لەدەستدانی بینین.































































