ئەحمەد محەممەد هەرووتی ـ زانكۆی سۆران / بەشی مێژوو
سەرەتایەكی مێژوویی :
چیرۆكی بۆن و گوڵاو ڕەگێكی قوڵی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا. گەلان و شارستانیەتە دێرینەكانی وەك میسرییەكان (فیرعەونەكان)، میزۆپۆتامیا، یۆنانی و ڕۆمەكان، تا دەگاتە سەردەمی زێڕینی ئیسلامی، ئاشنای ئەم نهێنییە بوون. هەرچەندە لە سەرەتادا، بەتایبەت لای میسرییە كۆنەكان لە دەوروبەری ساڵانی (٣٠٠٠ پ.ز)، بۆن تەنها بۆ مەراسیمی ئایینی، كاهینەكانی پەرستگا و كاتی مۆمیاكردن و ناشتنی مردوو بەكاردەهات؛ ئەوان تەنها لە ڕێگەی سوتاندنی “بخور” و بڵاوبوونەوەی دووكەڵەكەی لە پەرستگای خوداوەندەكاندا بۆنیان دەردەهێنا. بەڵام گۆڕانكارییە گەورەكە لە شوێنێكی تر ڕوویدا؛ بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بە شێوەیەكی “زانستی و كیمیایی”، پیشەسازیی بەرهەمهێنانی بۆن لە شارستانیەتی “وڵاتی نێوان دوو ڕووبار” و لای بابلییە كۆنەكان داهێنرا، دواتر ئەم پیشەسازییە گوازرایەوە بۆ یۆنان و ڕۆما و شارستانیەتی ئیسلامی و گەشەی كرد تا گەیشتە ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەستمانە.
یەكەمین خانمی بۆنساز :
تابوتی لە دڵی مێژووی میزۆپۆتامیا (عێراقی كۆن) و لە شاری بابلدا، یەكەمین دروستكەری بۆن دەكەوێتە بەرچاومان كە خانمێك بوو بە ناوی “تابوتی بێلاتیكالێم”.
تابوتی لە سەردەمی دەوڵەتی ئاشووریی ناوەڕاست و لە دەوروبەری ساڵی (١٢٠٠ پ.ز) دەژیا. ئەو لە كۆشكی پادشا “تۆكولتی نینۆرتای یەكەم” خزمەتی دەكرد؛ پادشایەك كە خۆی پاڵپشت و عاشقی هونەر و زانست بوو. نازناوی “بێلاتیكالێم” تەنها ناوێك نەبوو، بەڵكو پلەیەكی باڵای حكومی بوو بە واتای “خانمی كۆشك” یان سەرپەرشتاری كۆشك، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە تابوتی بەرپرسێكی باڵا بووە نەك خزمەتكارێكی ئاسایی.
گەشتێك بەدوای نهێنیی گوڵەكاندا :
بیرۆكەی داهێنەرانەی تابوتی لەوەوە سەرچاوەی گرت كە نەیدەویست بۆن تەنها لە ڕێگەی دووكەڵی بخورەوە بێت. ئەو دەیویست “ئاوی گوڵەكان” دروست بكات، بۆنەكە بكاتە شلەیەك كە بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە و پێشكەشی پادشا و خوداوەندەكانی بكات.
بۆ ئەم مەبەستە، تابوتی و یاریدەدەرەكەی كە ژنێك بوو بە ناوی “نینۆ”، دەستیان كرد بە گەڕانێكی ورد. ئەوان پێكەوە دەچوونە سەر كەنارە تەڕ و بەپیتەكانی ڕووباری دیجلە، لەوێ “قامیشی بۆندار، گوڵی سروشتی و جۆرەها گیا”یان كۆدەكردەوە. هەروەها بەشێك لە كەرەستەكانیان لە باخچەی شاهانەی كۆشكەوە دەهێنا كە لە شوێنە جیاوازەكانی میزۆپۆتامیاوە هێنرابوون و ڕوێنرابوون. تابوتی خۆی بە دەستی خۆی گوڵەكانی لێ دەكردەوە و دەیبردنە تاقیگەكەی.
سیحرەكەی تابوتی؛ چۆنیەتی دروستكردن :
تابوتی تەنها بۆنساز نەبوو، ئەو كیمیازانێكی لێهاتوو بوو و یەكەم كەس بوو لە مێژوودا “ئامێری دڵۆپاندنی كیمیایی” بەكارهێنا. پڕۆسەكە بەم شێوەیە بوو:
گوڵ و گیا و كەرەستەكانی دەخستە نێو دەفرێكی گەورە و ئاوی تێدەكرد، پاشان لەسەر ئاگرێكی گەرم دەیكوڵاند. كاتێك هەڵمەكە بەرز دەبووەوە، لە ڕێگەی پارچە قوماشێكەوە كە لەسەر دەفرەكە ڕایدەخست هەڵمەكەی دەگرت، دواتر قوماشەكەی دەگوشی بۆ ناو دەفرێكی تر تا شلەكەی لێ دەربچێت. ئەو چەندین جار ئەم كردارەی دووبارە دەكردەوە تاوەكو بۆنێكی خەست و پاكی دەست دەكەوت. ئەم كارە لەو سەردەمەدا وەك “سیحر” دەهاتە بەرچاو، چونكە كارێكی زۆر جیاواز و داهێنەرانە بوو.
بۆنەكان بۆ كێ بوون ؟
بەرهەمەكانی تابوتی بۆ خەڵكی ئاسایی نەبوون، بەڵكو تایبەت بوون بە:
١. پادشا: بۆ ئەوەی لە بۆنە فەرمی و ئاهەنگ و كۆبوونەوەكاندا بەكاری بهێنێت، ئەمەش هێمایەك بوو بۆ پاكی و نزیكیی پادشا لە خوداوەند.
٢. پەرستگاكان: بۆ چەوركردنی پەیكەری خوداوەندەكان، ڕشاندنی ناو پەرستگا و وەك قوربانی بۆ پەرستشەكان.
٣. میوانە تایبەتەكان: زۆر جار پادشا وەك دیارییەكی گرانبەها پێشكەشی پادشاكانی وڵاتانی تری دەكرد.
جۆر و تایبەتمەندییەكانی بۆنەكان:
بەپێی زانیاریی سەر تاتە قوڕینەكان، تابوتی كۆلێكشن و بەرهەمی جیاوازی هەبووە و بەپێی وەرز و مەبەستی ئاهەنگەكان دروستی كردوون. پێكهاتەكان بریتی بوون لە: (دار مور كە بۆنێكی قورسی هەیە، گوڵی جۆراوجۆر، ڕۆنی ڕووەكی و قامیشی بۆندار).
تەنانەت جۆرێك لە “مەلهەم” یان كرێمی بۆنداری لە “دار مور” دروست دەكرد كە وەك دەرمان و بۆنخۆشكەر بۆ پێستی پادشا بەكاردەهات؛ ئەم مەلهەمە تایبەتمەندی دژە بەكتریای هەبوو، پێستی پادشای لە وشكبوون دەپاراست و بە بریقەداری دەیهێشتەوە.
بەها و شكۆی تابوتی :
لەو سەردەمەدا بازاڕی بۆن بەم مانایەی ئێستا نەبوو، بەڵام بەهای ئەو بۆنانە زۆر جار لە “زێڕ” زیاتر بوو. كاتێك خەڵكی ئاسایی بۆنی گوڵاوەكەی پادشایان دەكرد، هەستیان دەكرد پادشا هێزێكی سەروو مرۆڤی هەیە و ترس و ڕێزیان لا دروست دەبوو، چونكە بۆنەكە وەك موعجیزەیەك دەهاتە بەرچاویان.
گرنگیی تابوتی لەوەدا دەردەكەوێت كە ناوی لەسەر “تاتە قوڕینەكان” تۆمار كراوە؛ لەو سەردەمەدا تۆماركردنی ناو تەنها بۆ پادشا، پیاوانی ئایینی و دەسكەوتە مەزنەكان بوو. ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لەسەر سەرسامیی كۆمەڵگای عێراقی كۆن بەو سیحر و زانستەی تابوتی دایهێنابوو.
دەرەنجام :
تابوتی بێلاتیكالێم، تەنها ژنێك نەبوو كە بۆن تێكەڵ بكات، بەڵكو زانایەك بوو كە ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی. ئەو توانی لە ڕێگەی داهێنانی ئامێری دڵۆپاندن و بەكارهێنانی زانستی كیمیا، بۆن لە دووكەڵێكی كاتییەوە بگۆڕێت بۆ شلەیەكی ئەفسووناوی و هەمیشەیی. تۆماركردنی ناوی لە تەنیشت ناوی پادشاكان لەسەر تاتە قوڕینەكان، شایەدییە بۆ ئەوەی كە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا چەندە ڕێزی لە زانست و داهێنان گرتووە، و چۆن خانمێك توانیویەتی ببێتە پێشەنگی پیشەسازییەك كە هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی چێژی لێ دەبینێت.

































































