مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە ڕاگەیاندراوێكدا سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەی خۆی بۆ هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەردەبڕێت سەبارەت بە هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر حەشارگەكانی داعش لە سووریا.
لە ڕاگەیاندراوەكەی هەسەدە هاتووە “هەسەدە پێزانینی دڵسۆزانە بۆ هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەردەبڕێت بۆ ئەو هێرشە وردە ئاسمانی و مووشەكییانەی كە لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا حەشارگەكانی تیرۆریستانی داعشیان لە سووریا كردە ئامانج. ئەم پشتگیرییە بەردەوامەی هەوایە هۆكارێكی چارەنووسسازە بۆ ڕێگریكردن لە ڕێكخراوەكە لە دووبارە خۆ ڕێكخستنەوەی و دەستپێكردنەوەی چالاكییە وێرانكەرەكانی.”
هەسەدە جەخت لەوەش دەكاتەوە كە “ئەزموون سەلماندی كە شەڕی تیرۆر ناتوانێت بوەستێت و خاو بێتەوە. داعش بەردەوامە لە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و هەوڵ دەدات هەر بۆشایییەك یان سستییەك لە هەوڵە سەربازی و ئەمنییەكان بقۆزێتەوە. بۆیە جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەكەینەوە تا نەهێشتنی یەكجارەكی ڕێكخراوەكە و تواناكانی.”
هێزەكانی سووریای دیموكرات لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیاندراوەكەی باس لەوەش دەكات كە لە ماوەی ئەمساڵدا هێزەكانیان سەدان ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازییان لە دژی شانەكانی داعش ئەنجام داوە و سەركردە مەترسیدارەكانیان دەستگیركردووە و گرووپە چالاكەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، جا چ لە ڕێگەی پشتیوانی ئاسمانی بێت یان هەواڵگری. ئەم هەماهەنگییە هاوبەشە و هاوبەشكردنی زانیارییە كاریگەری خۆی سەلماندووە و دەریخستووە كە هاوبەشی كاریگەر تاكە ڕێگایە بۆ نەهێشتنی مەترسییەكە.
لە كۆتایدا، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) پابەندبوونی تەواوی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی داعش و بەرگریكردن لە سەقامگیری و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و پەرەپێدانی هاوكاری لەگەڵ هەموو لایەنەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەموو ئەو بابەتانەی كە خزمەت بە ئاسایشی ناوچەكە و جیهان دەكەن دووپات دەكەنەوە.
































































