پایپەر، کۆنسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە وەکالەت، پێشوازیی لە سەرۆک و نوێنەرانی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرچوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆسنوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند؛ پایپەر، لە باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەکەیان لە هەولێر، پێشوازیی لە سەرۆک و نوێنەرانی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: “ئێمە هەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەکی چالاک و گرنگ دەبینین بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان تا لەو ڕێگەیەوە بگەنە بازاڕەکانی عێراق.”
ئەم دیدارە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا.
ئەم دیدارە لە باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بەڕێوەچووە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵگە دیپلۆماسییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیهان. پرۆژەی دروستکردنی ئەم باڵەخانەیە لە ساڵی 2018 بە تێچووی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری 200 هەزار مەتر چوارگۆشە دەستی پێ کرد و لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2025 نە فەرمی کرایەوە.
کرانەوە و گواستنەوەی کارەکانی کۆنسوڵخانەکە بۆ ئەم باڵەخانە نوێیە، هەمیشە لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکاوە وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندبوونی درێژخایەنی واشنتن بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق لێک دراوەتەوە.

































































