پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو شەپۆڵێكی دیكەی بەفر و بارانبارینی چڕ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام بێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی دەڵێت “لە رۆژانی کۆتایی ئەم مانگەدا کەشوهەوای ناسەقامگیر دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەمان و بە دروستی لەنێوان رۆژانی 26 بۆ 31ی مانگ بەفر و بارانێكی باش روو لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە”.
دەشڵێت “لەم شەپۆڵەدا بەفر و باران بە ڕێژەیەكی باش تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە”.
هەروەها دەڵێت “ئەم شەپۆڵە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش دووبارە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەكەنەوە”.
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژە بەوەش دەكات “لە ماوەی ئەم شەپۆڵەدا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی كوردستان بەفرێكی زۆر دەبارێت”.

































































