ئەژین غەفار
بیرەوەرییەکان بایەخدارن، هەرچەندە زۆرجار ساڵیادی ڕووداوەکان بە هەند وەرناگیرێن. لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا، لەوانەیە یادکردنەوەی ساڵیادی لە دایک بوون، یەکترناسین، بەیەکگەشتن و هاوسەرگیری و … پشتگوێ بخرێن و ئەوەندە گرینگ نەبن.
لە ئاستێکی باڵاتری وەک ئاستی نەتەوەیی، بیرەوەری ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت. یادکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، ساڵیادی کۆچ و لە دایکبوونی سەرکردە مەزنەکان، پێشهاتە کارەساتبارەکان و سەرکەوتنە نەتەوەییەکان… هەموو ئەمانە کە پەیوەستن بەڕابردووەوە، لەوانەیە وا وێنا بکرێن کە هیچ شتێک بۆ ئێستا و داهاتوومان زیاد ناکات.
بەڵام، ڕاستییەکەی بیرەوەرییەکانی ڕابردوو ئامراز و چەکی داهاتوون. بە وتنی: “ئەوەی ڕۆیشتووە، ڕۆیشتووە و ناگەڕێتەوە” ناتوانین خۆمان دەرباز بکەین لەو حەقیقەتەی کە (مێژوو بایەخێکی لە بن نەهاتووی هەیە و پێویستە بۆی بگەڕێینەوە). بۆ گەلێکی وەکوو کورد کە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و هێشتا پەرتەوازە و پەرشوبڵاوە، بیرەوەری یەکێکە لە ئامرازەکانی نەتەوەسازی. لە کتێبی «نەتەوە چییە» لە نووسینی (ئێرنێست ڕێنان)ـدا هاتووە: “ئەگەر بیرەوەری و یادەوەری نەمێنێت، نەتەوەش نامێنێت.”
بیرەوەری و یادکردنەوە بۆ جیلی نوێ و توێژی گەنجان ڕۆڵی هۆشیارکردنەوە دەبینێت. بۆ نموونە، نەوەی لە دایکبووی دوای ساڵانی ۲۰۰۰، خۆ ئاماددەیی نەبووە لە ڕووداوە سیاسی، جەنگە خوێناوی و قوڕبانیدانە بێسنوورەکان. جوگرافیای کوردستانیش دەور دراوە به دەیان هێزی نەیار کە بەردەوام هەوڵی بێ نرخکردنی نیشتیمان و داماڵین دەدەن لە هەستی کوردایەتی. بۆیە ئەم بارودۆخە، یادەوەری دەکاتە پێویستییەکی هەنووکەیی و نەتەوەیی بۆ دۆزی کورد.
یادکرنەوەی ڕووداوەکانی کیمیاڕێژکردنی هەڵەبجە، ئەنفالی بارزانییەکان، جینۆسایدی ئێزدییەکان و هەر ساڵیادێکی کارەساتباری لەو شێوەیە هۆشیاری تاک بەرز دەکاتەوە و پەی دەبات بەوەی؛ ئەو ژیانە ئاسایی و ئارامەی ئەو تێیدا دەژیێت ئێستا، بەرهەمی قوربانیدانی هەزاران مرۆڤی بێ تاوانە. ئەمە هەستی ڕێزگرتنی زیاتریشی لەلا گەڵاڵە دەکات لە هەمبەر دەستکەوتە سیاسی و کولتوورییەکانی ئێستای.
یاخود، بیرهێنانەوەی ساڵیادەکانی هەڵگیرسانی شۆڕشە مەزنەکان، داستانەکانی بەزاندنی دوژمن، ساتەکانی ڕاپەرین و بە گژداچوونەوەی داگیرکەر وا دەکەن تاک هەست به شکۆمەندی بکات و خەباتی باب و باپیرانی بەرز بنرخێنێت. هەروەها، یادکردنەوەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، ڕۆژی جلی کوردی، نەورۆز، ساڵیادی ڕیفڕاندۆم و بۆنە نەتەوەییەکان بە گشتی وا دەکەن تاک شوناسی خۆی بناسێت؛ و هەست بە بوونی خۆی بکات وەکو نەتەوەیەکی جیاواز. هەستکردن بە شوناس و ناسنامەیەکی جیاواز بۆ تاکی کورد پێویستە، چونکە تا ئێستاش؛ کورد لە بەشەکانی تری کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی تواندنەوە دەبنەوە و زۆربەیان هەر ئاگا نین بە ناسنامەی خۆیان وەکو کورد. بەشێک لە شوناسی نەتەوە، بریتیە لە ڕابردوو و مێژووەکەی. بە یادکردنەوەی ئەم بیرەوەرییانە، تاکەکانی کۆمەڵگەیەک هەست دەکەن زۆر شت هەن بە یەکەوە بیانبەستێتەوە. هەر بەم بۆنەیەشەوە، ئەم یادەوەری و ساڵیادە نەتەوەییانە، دەکرێت ڕێگری بکەن لە لەناوچوونی نەتەوەیەک و یارمەتیدەریش بن له پڕۆسەی نەتەوەسازییدا


































































