راپۆرت : هیڤی عمر یاسین
مرۆڤ لە تواناكانیدایە جیاوازە، ئەم جیاوازیەش یەكێكە لە تایبەتمەندیەكانی مرۆڤ، جیاوازی توانای مرۆڤ بۆ بوونی جیاوازی ویست و خوڵیا و زیرەكی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، لە پۆلی خوێندنیشدا، قوتابی هەیە لە بابتێك باشترە لە بابەتێكی تر یاخود تواناكانییان جیاوازترە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕای چەند گەنجێكمان وەرگرتووە، دەربارەی ئەوەی كە تاچەند گرینگە ڕەچاوی ئەم جیاوازییانە بكات؟ چۆن بواری زیرەكی منداڵەكەت دەست نیشان دەكەیت؟!
لەم بارەیەوە عەبدولسەمەد جەغفەر سەدیق، چاڵاكی مەدەنی دەڵێت : هەندێ منداڵ جیاوازتر و زیرەكتر لە منداڵەكانی تر دەردەكەون، بەشێكیان لە ڕووی قسەكردنەوە زۆر زانانە وەڵام دەدەنەوە و ووشەكان لە ناو ڕستە بە ڕاست و ڕوونی دەردەبڕن، و بە خێرایی ووشەكان فێر دەبن، هەندێ جار هەست دەكەی لەگەڵ گەوران بە جۆرێك و جیاوزتر قسە دەكەن وەك لەوەی قسە لەگەڵ منداڵان دەكەن؛ لە لایەكی ترەوە بەشێكی منداڵان زۆر بە خێرایی فێری ئەنجامدانی كارەكان دەبن، تەنانەت توانای ووردبینی و ڕەخنە گرتن و پرسیاری ژیریان هەیە، بەردەوام ئارەزووی خوێندن و گوێ گرتن بۆ چیڕۆكەكان دەكەن؛ دەبینین توانایەكی باشیان هەیە بۆ ئەنجامدانی چاڵكیەكان و درەنگ ماندوو دەبن بەراوورد بە توانای جەستەیان نەك گەورەكان؛ بیركردنەوەی داهێنەرانە بۆ چارەسەر كردن و گەێشتن بە ئامانجەكانیان؛ توانای خۆ گونجاندن لەگەڵ منداڵان بۆ یاری كردن و ئەنجام دانی چاڵاكیەكان بۆ ئەوەی زیاتر بواری زیرەكی منداڵەكەمان بزانین پێویستە جۆرەكانی زیرەكی منداڵان لە یەكتر جیا بكەینەوە، بە پێی ڕای زانای دەروون ناس بەم شێوەیە پۆلین كراون زیرەكی بینین یان شوێن: ئەو منداڵانەی توانایەكی بەرزیان هەیە لە تێڕوانینی شتەكان بە دووری جیاواز، لێهاتوون لە نەخشە و چاڕت و كردنەوەی لوغزەكان، ئەو پیشانەی چاوەڕێیان دەكات: فڕۆكەوان، هونەرمەند، دیزاینەری جلو بەرگ، ئەندازیاری، پزیشكی نەشتەرگەری.
زیرەكی جەستەیی و جوولەیی: ئەو منداڵانەی خاوەن توانایەكی زیرەكی جەستە و جوولەی بەرزیان هەیە، دەتوانن كۆنتڕۆلی جەستەیان بكەن، و گونجاندنێكی تەواو بكەن لە نێوان دەست و چاویان، ئەو پیشانەی چاوەڕێیان دەكات: پەیكەر ساز، وەرزشوان، میكانیكی، وەستای خانوو، ئەكتەر. زیرەكی زمانەوانی و دەربڕین: ئاو منداڵانەی توانای بەكار هێنانی ووشەكان بە لێهاتووی چ لە نوسین بێت یان خوێندنەوە، ئەم جۆرە زۆر هەستیارن بۆ واتای وشەكان و ڕێكخستنی ووشەكان و شێوازی دەریڕین، ئەو پیشانەی چاوەڕێیان دەكات: هۆزانڤان، ڕۆمان نووس، رۆژنامە نووس، نووسەر، پارێزەر، مامۆستا، زیرەكی كەسی: ئەو منداڵانەی زیرەكی كەسیان زۆر بەرزە، و هەستیارن بۆ هەستەكانیان، شارەزای باری سۆزداری خۆیانن، و ئامانجێكی دیاری كراوی خۆیان هەیە، خاوەن تێڕوانینێكی خودین و دەتوانن خاڵە بەهێزەكانیان هەڵبسەنگێنن و شیكردنەوەی بۆ بكەن، ئەو پیسانەی چاوەڕێیان دەكات: ڕاوێژكار، زانای دەروون ناس، بازرگان، فەیلەسوف، زیرەكی لۆژیكی بیركاری: ئەو منداڵانەی توانای بیركردنەوە و شیكردنەوەی لۆژیكانە بۆ كێشەكان هەیە، توانای باشیان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، وەكو ئەنجام دانی تاقیكردنەوەی زانستی و شیتەڵ كردنی پرسیاری بیركاری ئاڵۆز، ئەو پیشانەی چاوەڕێیان دەكات: پڕگرام سازی كۆمپیتەر و ڕۆبۆت، زانای بیركاری، ئابووری ناس، ژمێریار، زانا، ئەندازیار، لێرەدا پێویستە باوان زیاتر كاتی خۆیان بۆ منداڵەكانیان تەرخان بكەن بۆ ئەوەی لێیان تێبگەن و گرنگی بە پرسیاری منداڵەكانیان بدەن..
هەر سەبارەت بە ڕەچاوكردنی جۆری زیرەكی و كەسێتی، شیپەڵ فەرهاد چاڵاكڤان وتی : مرۆڤ بوونەوەرێكی ئاڵۆزە و خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاوازە، یەكێك لە دیارترین ئەو جیاوازییانەش لە جۆری زیرەكیدایە. بیرمەندی ئەمریكی (هاورد گاردنەر) لە ساڵی ١٩٨٣ تیۆری “فرە زیرەكی” ڕاگەیاند، كە شۆڕشێكی لە تێگەیشتنی چەمكی زیرەكیدا بەرپاكرد. گاردنەر پێی وایە مرۆڤ تەنها یەك جۆر زیرەكی نییە، بەڵكو خاوەنی هەشت جۆر زیرەكی سەرەكییە، كە بریتین لە: زیرەكیی بینراو-بۆشایی، زمانەوانی-زارەكی، لۆژیكی-ماتماتیكی، جەستەیی-جوڵەیی، مۆسیقی، نێوان كەسەكان، تاكەكەسی و سروشتی، دواتریش زیرەكیی بوونگەرایی بۆ زیاد كرا. ئەم جۆرانەی زیرەكی لە هەموو مرۆڤێكدا بوونیان هەیە، بەڵام بە ڕێژەی جیاواز.
ڕەچاوكردنی ئەم جیاوازیانە لە پڕۆسەی خوێندندا كاریگەرییەكی بەرچاوی هەیە. كاتێك مامۆستا ئاشنای جۆرەكانی زیرەكی دەبێت، دەتوانێت پۆلەكەی بە شێوەیەكی كاریگەرتر بەڕێوە ببات و وانەكانی بە شێوازێكی سەرنجڕاكێش و هەمەڕەنگ پێشكەش بكات. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ خوێندكاران تا بەهرە و تواناكانی خۆیان بدۆزنەوە و گەشەیان پێ بدەن، هەروەها هەست بە بەهێزی و بڕوابەخۆبوون دەكەن و زیاتر حەز بە خوێندن دەكەن.
بۆ نموونە، لە وانەیەكدا دەربارەی “سروشتی كوردستان”، مامۆستا دەتوانێت داوا لە خوێندكاران بكات نەخشە بكێشنەوە (بۆ زیرەكی بینراو-بۆشایی)، گوزارشت بنووسن (بۆ زیرەكی زمانەوانی)، ئاماری بارانبارین كۆبكەنەوە (بۆ زیرەكی لۆژیكی-ماتماتیكی)، دیمەنێكی گەشتیاری نمایش بكەن (بۆ زیرەكی جەستەیی-جوڵەیی)، گۆرانی بڵێن (بۆ زیرەكی مۆسیقی)، پڕۆژەی گرووپ ئەنجام بدەن (بۆ زیرەكی نێوان كەسەكان)، بیرەوەری گەشتێك بنووسنەوە (بۆ زیرەكی تاكەكەسی)، یان چاودێری ڕوەك و باڵندەكان بكەن (بۆ زیرەكی سروشتی).
بە كورتی، ڕەچاوكردنی فرەزیرەكی لە پۆلدا، ژینگەیەكی فێربوون دادەهێنێت كە ڕێز لە جیاوازییە تاكەكەسییەكان دەگرێت و دەرفەت بۆ هەموو خوێندكاران دەڕەخسێنێت كە بەپێی تواناكانی خۆیان گەشە بكەن و ببنە كەسانی داهێنەر.
ئەمیر مەجید محەمەد ڕاگەیاند كار دەڵێ: زیرەكی یەكێكە لە بنەڕەتە گرنگەكانی پەروەردە مۆدێڕن. لە سەردەمی ئەمڕۆدا، لێكدانەوەی نوێی زیرەكی وا دەخاتە ڕوو كە هەر كەسێك توانا و بەهرە تایبەتی خۆی هەیە. ئەمەش پێویستی بە ڕێگاكارییەكی نوێ دەكات لە پەروەردە و فێركردن.
بەپێی لێكوڵینەوە دەروونناسییەكان ، زیرەكی لە هەشت جۆری سەرەكی پێكدێت: زیرەكی منگقی-بیركەرەوەیی، زمانی، موزیكی، جەستەیی-بزوێنەرانە، بینراو-شوێنایەتی، كۆمەڵایەتی، دەروونی، و سروشتی. هەر جۆرێك لەمانە خاسیەت و جیاوازی هەیە.
قوتابی زیرەك ئەوەیە كە توانای فێربوون، چارەسەركردنی كێشە، و گونجاندن لەگەڵ دۆخی نوێ هەبێت. لە قوتابخانە بە شێوەی جیاواز دەردەكەوێت: هەریەكێك لە بوارێك و بابەتێك بە تواناو زیرەكی دەدرەوشێنەوە و شایستەی ئەوەیە كە بناسرێتەوە و پشتگیری بكرێت.
ڕۆڵی مامۆستایان، بەرپرسیارێتی گەورەیان هەیە لە ناسینەوەی جۆری زیرەكی هەر قوتابیەك. ئەمەش پێویستی بە چاودێری ورد، بەكارهێنانی شێوازی فێركردنی جۆراوجۆر، و دانانی چالاكی فرەڕەهەند دەكات. كاتێك مامۆستایان زیرەكی جۆراوجۆرەكان دەناسنەوە، دەتوانن باشترین ڕێگاكان بۆ گەیاندنی زانیاری بەكاربهێنن.
رەچاوكردنی زیرەكی، كاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە لەسەر پێشكەوتنی قوتابیان. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە بە خۆ بوون، باشتركردنی ئەنجامەكان، و دروستكردنی ژینگەیەكی فێربوونی ئەرێنی. هەروەها یارمەتی دەدات لە كەمكردنەوەی هەستی شكست لەناو قوتابیان.
لە كۆتاییدا؛ رەچاوكردنی زیرەكی بە شێوەیەكی زانستی و بەرنامەڕێژكراو دەبێتە هۆی دروستبوونی پەروەردەیەكی كاریگەرتر و دادپەروەرانەتر كە تواناكانی هەموو قوتابیان دەخاتە پێش.

































































