بەڕێوبەری گشتی خزمەتگوزارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی ئاشكرای كرد، ئەگەر ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوویانە جێبەجێ بکرێت، مووچەی زیندانیانی سیاسی لە ٥٠٠ هەزارەوە دەبێت ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دینار.
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، لە بارەی زیادکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی بە میدیاکانی ڕاگەیاند “لە ماوەی ڕابردوودا شاندێکی پەیوەندیدار بەو بابەتە لە عێراقەوە هاتنە هەرێمی کوردستان و لەسەر ڕێکار و ڕێنماییەکان قسەمان کرد. ٢٧ تشرینی دووەمی ئەم ساڵ رێککەوتنمان لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق کرد”.
ئەم بەڕێوەبەرە زیاتر گووتی ” دۆسیەکە ئامادەکراوە و چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانین، دوای پەسندکردنی، بۆ بەغداد دەینێرینەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ساڵی داهاتوو مووچەکەیان هاوتای عێراق دەکرێ”.
بە گشتی ٢٥ هەزار و ٦١٨ زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون.

































































