ئەژین غەفار-زاری کرمانجی:
سەرچاوەیەکی تەندروستی بە ناوی Samitivej هۆشداری دەداتە خانمانی دووگیان و بڵاوی کردووەتەوە: دووگیانی ئەو ماوەیەیە کە جەستەی مرۆڤێکی نوێ شکڵ دەگرێت و ئەندامی گرنگ لە کۆرپەی لەدایک نەبوودا گەشە دەکەن. خانمان و دایکانی دووگیان بەتایبەتی دایکانی کەم ئەزموون پێویسته ئاگاداری ژیانی ڕۆژانەیان بن خۆیان لە کۆمەڵێک خواردن بەدوور گرن.
سەرچاوەکە هۆشداری دەدات لە خواردنەوەی شیری زیاد و دەڵێت: شیری زیاتر لە بڕی پێویست لەلایەن دایکی دووگیان مەترسی ئەوە دروست دەکات کۆرپەکە تووشی هەستیاربوون بە شیر ببێت.
زۆربەی دایکان بە هەڵە دەچن و پێیان وایە خواردنەوەی شیری زۆر لە کاتی دووگیانیدا سوودی بۆ منداڵەکانیان دەبێت بۆ دابینکردنی کالسیۆمی پێویست، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕۆژانە تەنها یەک پەرداخ شیری مانگا یان شیری سۆیا بەسە.
خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شیر لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە حەساسیەت زیاد بکات، وەک هەستیاری بە پرۆتینی ناو شیری مانگا. توێژینەوەکه زیاتر ڕوونی کردەوە: هەموو ژنانی دووگیان دەبێت بە تەواوی خۆیان لە جگەرە کێشان و خواردنەوە کحولییەکان بەدوور بگرن.
ئەمە هەر خواردنەوەیەک دەگرێتەوە کە کحول و هەموو جۆرەکانی جگەرە و دەرمانی نایاسایی تێدابێت.
ئەم ماددانە زیان بە گەشەی منداڵی لەدایک نەبوو دەگەیەنن، لەوانەیە گەشەی کۆرپە خاو بکەن، مەترسی لەدایکبوونی پێشوەختە یان ئەگەری لەبارچوون زیاد بکەن.
هەروەها بەکارهێنانی هەر یەکێک لەم ماددانە لە کاتی دووگیانیدا دەبێتە هۆی لەدایک بوونی منداڵەکەت بە کەمئەندامی جەستەیی یان دەروونی.
ماڵپەڕی Samitivej ئاشکراشی کرد کە سترێس و دڵەڕاوکێش لە دایکانی دووگیان دەبێتە هۆی خاو بوونی گەشەی کۆرپەلە و مەترسی لەبارچوون زیاددەکات.
لە دۆخی هەبوونی دڵەڕاوکێ لە دایکەکەدا، بەهۆی ئەوەی جەستە ماددەی کیمیایی و کۆرتیزۆڵ (هۆرمۆنی سترێس) زیاتر بەرهەم دەهێنێت، دەمارەکانی خوێن گرژ دەبن و ئەگەری هەیە بڕی ئۆکسجینی کەمتر بگاته کۆرپە لەدایک نەبووەکە. سەرەڕای ئەوەش، ئەو کۆرپانەی لە ئافرەتانی دڵەڕاوکێ لەدایک دەبن، کێشیان کەمترە و مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و فشاری خوێن و شەکرە زیاترە.

































































