بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی بە هۆی لافاوەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ زیانیان بەركەوتووە، لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 335 ملیۆن دینار تەرخان كرا.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ17-12-2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” بە پشتیوانیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 335 ملیۆن دینار وەك بودجەی فریاكەوتن و پێداویستی بۆ پەروەردەی چەمچەماڵ دابین كراوە”.
وەزیری پەروەردە زیاتر روونیكردەوە ” ئەو پارەیە 130 ملیۆن دینار بەشێوەی نەختینە (كاش) دراوەتە پەروەردەی سلێمانی بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە زیانلێكەوتووەكان، هەروەها 100 ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی ئەو كەلوپەلانەی كە پەروەردەی چەمچەماڵ داوای كردبوون، لەگەڵ 101 ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی 85 هەزار كتێبی نوێ و دوو هەزار جانتا و پێداویستی نووسین.































































