مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەشداری كردنی سەرۆك بارزانی لە سیمپۆزیومی مەلای جزیری لە شارۆچكەی جزیری سەر بە پارێزگای شرناخی باكووری كوردستان و دەركەوتنی پاسەوانەكانی بە ئاڵای كوردستان و چەكەوە، كاردانەوەی بەشێك لە پەرلەمانتارانی تورك بەتایبەتیش ئیی پارتی لێكەوتەوە .
سرری ساكك، پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، دوێنێ دووشەممە 15ـى 12ـى 2025، لە نێو پەرلەمانی توركیا، لەسەر ئاڵای كوردستان هاتە دەنگ و بە توندترین شێوە بەرپەرچی فراكسیۆنی ئیی پارتیی دایەوە و گووتی “بۆ چی سووكایەتی بە بەهاكانی كورد دەكەن ؟ ئێوە كە ڕێز لە هەموو ئاڵاكان دەگرن ؟ بۆ چی كاردانەوە بەرامبەر ئاڵاكەی باشووری كوردستان نیشاندەدەن ؟ ئەگەر ئەمە نەژادپەرستی و فاشیزم نەبێت چییە ؟”
پەرلەمانتارەكەی دەم پارتی لە بەرامبەر هەڵوێستی بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئیی پارتی، كە دەركەوتنی پاسەوانانی سەرۆك بارزانی بەو جۆرە، بە پێشێلكردنی سەروەریی توركیا ناویان بردبوو، ڕاگەیاند “ئێوە باسی مافی سەروەری دەكەن. سەیر بكەن ئێرە باشووری كوردستانە. باڵیۆزی توركیا لەوێ بە چەكی لوولە درێژەوە دەسووڕێتەوە. ئەمە دەبینن ؟ ئایا ئێوە مافی سەروەریتان هەیە و خەڵكی باشووری كوردستان مافی سەروەرییان نییە ؟… ئێوە بە تانك و تۆپەكانتانەوە لە باشووری كوردستانن .”

































































