زاری كرمانجی – سۆران :
شاندێكی حزبی شیوعی چینی بەبۆنەی سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە توانیوویەتی زیاتر لە ملیۆنێك دەنگ بەدەست بهێنێت و ببێتە یەكەم حزب لەسەر ئاستی عێراق پیرۆزباییان لە سەرۆك بارزانی كرد.
دوێنێ دووشەممە 15ـی كانوونی یەكەمی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە جین شین، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حزبی شیوعی چین، و تسوی وی باڵیۆزی وڵاتی چین لە عێراق، و لیو جیون كونسوڵی گشتی وڵاتی چین لە هەرێمی كوردستان كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانەكە و بەناوی حزبی شیوعی چینی پیرۆزباییان لە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بەبۆنەی سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە توانیوویەتی زیاتر لە ملیۆنێك دەنگ بەدەست بهێنێت و ببێتە یەكەم حزب لەسەر ئاستی عێراق.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە باس لە گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی حزبی شیوعی چینی كرا كە پەیوەندییەكی لەمێژینەیە و شاندی میوان جەختیان لەوە كردەوە وەكو كۆماری چین خوازیارن پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان هەردوولا هەبێت لەبواری ئابووری و بازرگانی و كولتووری و بە بایەخەوە لەو پەیوەندییە دەڕوانن و پشتیوانیی كۆماری مللیی چینیان بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و ڕێز و ستاییشی بۆ گەل و شارستانیەت و مێژووی چین دەربڕی و باسیشی لە بایەخی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و حزبی شیوعی چین و هەروەها لەنێوان هەرێمی كوردستان و چین كرد و هیواشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەردەوامی هەبێت و زیاتر فراوانتر بكرێت.
هاوكات پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی فیدڕاڵ و پڕۆسەی سیاسی عێراق تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
































































