زاری كرمانجی :
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە سەردانێكی فەرمیدا بە یاوەری شاندێك سەردانی بەغدادیان كردووە لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە و بەرپرسانی ئەم وڵاتە دیدار و كۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامدا و پێداگری لەسەر بەرپرسیاریەتی هاوبەش و چارەسەركردنی كێشەكانی (هەولێر – بەغدا) بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور كرا.
دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ بەغدا و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەك هەڵوێستی لەسەر ئاستی نیشتمانی كردەوە و یەكڕیزی و هەماهەنگییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان لە بواری ئابووری و بژێوی ژیان و خزمەتگوزارییەكاندا بە پێویست زانی بەمەبەستی دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ تەواوی هاووڵاتییانی عێراق، هەر وەك سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دووپاتی كردەوە حكومەتی فیدراڵ پابەندی دەستووری عێراقە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك كە مافی هەموو پێكهاتەكان مسۆگەر بكات.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووبارە پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كرد بۆ متمانەوە وەرگرتنی حكومەتەكەی و گەشبینیی خۆی بە تواناكانی حكومەتی نوێ لە گواستنەوەی وڵات بۆ قۆناخێكی جیاوازتر دەربڕی كە زمانی لێكگەیشتن و چارەسەری تێیدا زاڵ بێت.
لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە جیا لەگەڵ هەریەكە لە نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر ئەلعەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر و فالح ئەلفەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و شێخ قەیس ئەلخەزعەلی، سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق و هادی ئەلعامری، سەرۆكی كوتلەی فەتح و چەند سەركردەیەكی دیكەی ئەم وڵاتە دیدار و كۆبوونەوەی ئەنجامدا.”
لە دیدار و كۆبوونەوەكاندا جەختیان لە پێویستیی هەماهەنگی و یەكدەنگیی هەموو لایەن و هێزە سیاسییەكانیان كردەوە بۆ پشتگیریكردنی حكومەتی نوێی عێراق لە جێبەجێكردنی كارنامەكەی كە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراقدا بێت، بەتایبەتیش چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە بوارەكانی ئابووری و خزمەتگوزاریدا ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە، چونكە هەموو گەلی عێراق و هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی زۆریان لە حكومەتی تازەی عێراق هەیە”.
هەروەها پێداگری لەسەر بەرپرسیاریەتی هاوبەش و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر – بەغدا بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور و پێویستیی كاری هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هاوڕا بوون كە ئەمەش ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لە هەموو بوارەكاندا پتەو دەكات.
لە لایەكی دیكەوە گفتوگۆكردنن لەسەر پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و سەروەریی وڵات و پتەوكردنی هاریكاری و بەرپرسیاریەتی هاوبەشی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی عێراق بۆ ئەم مەبەستە، لەگەڵ نیگەرانی بۆردوومان و بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكان بوو.