زاری کرمانجی :
لە میانەی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەریووی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەزگا ئەمنییەکان و سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا 72 کەسیان شەهید کردووە و زۆرترین ڕێژەی قوربانییەکانیش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە 56 شەهیدە .
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەی لە نەرویجە، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت:” هەتا ئێستا لە خۆپیشاندانەکاندا 416 کەس لە سەرانسەری ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21 یان ژنن.
محەممەد ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە دەڵێت:” جگە لە تاوانی بەکارهێنانی گولەی جەنگ دژ بە خۆپیشاندەران لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بە شێوەیەکی بەرنامە داڕێژراو و بە ڕێژەیەکی زۆر خەڵکی بێ چەکی بەلووچ و کوردیان کوشتووە. ئەمەش دەچێتە خانەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی لەسەر شانە هەنگاو بنێت بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی.”
هەفتەی ڕابردوو شارەکانی مەهاباد و جوانڕۆ و پیرانشار، بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ خامنەیی گڕ و تینیی زیاتریان دا بە خۆپیشاندانەکان، ئەمەش وایکرد ئێران هێزێکی زۆری سەربازی ڕەوانەی ناوچە کوردییەکان بکات و کوچە و کۆڵانەکانی شاری مەهاباد و جوانڕۆ بە هێزی سەربازی توند بکات و تەقە لە هەر کەسێک بکەن کە بە شەو لە دەرەوە بێت.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:” لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ئێران 111 هاووڵاتیی کوردیان کوشتووە کە 100 هاووڵاتییان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون. لە دوایین هەفتەی ڕاپەڕینەکاندا 44 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.”