مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە وڵاتانی ئەندام، بڕیاریان داوە قەدەغە بخەنە سەر گەڕانەوەی سەروەرت و سامانی بلۆككراوی بانكی ناوەندیی ڕووسی لە وڵاتانی ناو یەكێتییەكە كە بڕەكەی دەگاتە 210 ملیار یۆرۆ.
لە ڕاگەیاندراوەكەی ئەنجوومەنەكە هاتووە “بڕیارەكە بە شێوەیەكی بەپەلە بە مەبەستی سنوورداركردنی ئەو زیانانەی ئەگەری هەیە بەر یەكێتیی ئەورووپا بكەوێت، دەركراوە.”
جەخت لەوەش دەكاتەوە ئەگەر ئەم سامانە بلۆك نەكرێن، دەكرێت ڕووسیا ئەو بڕە پارەیە لە جەنگی دژ بە ئۆكراینا بەكاری بهێنێت، كە ئەو كات لێكەوتەی مەترسیدار لەسەر ئابووری ئەورووپا و وڵاتانی ناو یەكێتییەكە بەجێ دەهێڵێت .

































































