ژمارەیەك لە رێكخراو و دامەزراوە فەرمییەكان دروستبوونی لافاوەكەی چەمچەماڵ بە سروشتی نازانن و هۆكارەكەی بۆ گۆرینی ریڕەوی ئاوەكە دەگێرنەوە و دەڵێن ئەم كارەساتە مرۆڤ كردە نە سروشتی.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، لە بارەی روداوی لافاوەكەی چەمچەماڵ روونكردنەوەیان داوە و بەرپرسیاریەتیی زیانەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەریان خستۆتە ئەستۆی دەسەڵات و وەبەرهێنەرانی خانووبەرە.
ئەم دەستەیە لە ڕاگەیەنراوێکدا روونیكردۆتەوە ” شارەکانی هەرێم بە خێرایی و بەبێ پلان فراوان دەبن، هەر پانتاییەک ببینرێت لەلایەن دەسەڵاتداران و وەبەرهێنەرانەوە دەکرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی، بەبێ گەڕانەوە بۆ ماستەرپلان و ڕەچاوکردنی مەرجە ژینگەییەکان”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەوەی لە شارۆكەی چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە ڕووی دا، نموونەی کردەوەیەکی مرۆڤکردی بێویژدان و چاوچنۆکانەی سەرمایەخوازانە، چونکە دەسەڵات و وەبەرهێنەرەکانیان هەستاون بە تێکدانی ڕێڕەوە ئاوییەکان و گۆڕینی سروشتی خاک، کە هەزاران ساڵە سروشت ئەو ڕێڕەوانەی دروست کردووە”.
دەستەکە ڕەخنەی توند لە بەرپرسان دەگرێت و دەڵێت، کاتێک لافاو ڕوو دەدات، زۆر بێباکانە دەڵێن کارەساتی سروشتییە، لەکاتێکدا خۆیان هۆکارن.
هەروەها هۆشداری دەدەن لەوەی ئەو “داگیرکاری و شێواندنەی” لە چیای گۆیژە و سەرچنار و ناوچەکانی تریش دەکرێت، لە داهاتوودا هەمان چارەنووس و زیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، پشتگیریی خۆیان بۆ “گرووپی ڕا” و خەڵکی چەمچەماڵ دووپات کردووەتەوە و داوای لێپێچینەوە لەوانە دەکەن کە بەبێ پلان سروشتی ناوچەکەیان شێواندووە.































































