وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت، بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانی سنووری چەمچەماڵ خەرج كرا.
دوای ئەوەی بەهۆی لافاوەكەی چەند رۆژی پێشووی چەمچەماڵ، زیانێكی زۆری بەر قوتابخانەكانی سنوورەكە گەیشت وەزیری پەروەردە چووە چەمچەماڵ و لەوێوە رای گەیاند، هەموویان نۆژەن دەكرێنەوە.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لەسەر بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە زیانلێكەوتووەكانی چەمچەماڵ تەرخان كراوە.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا ” ئەو پارەیەی سەرۆكی حكوومەت بڕیاری لێ داوە، دەخرێتە بەردەست پەروەردەی سلێمانی، ئەوان خەرجی دەكەن و سەرپەرشتیی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان دەكەن”.
” ئامانجی حكوومەتی هەرێم ئەوەیە پرۆسەی پەروەردە لە سنوورەكە پەكی نەكەوێت و بەزووترین كات ئەو زیانانە پڕ بكرێنەوە و قوتابخانەكان بكرێنەوە”. ( وەزیری پەروەردە وای گووت).

































































