جگەرەكێشان هۆكاری 17 جۆری تووشبوون بە شێرپەنجەیە
شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
توێژەران و زانایانی جیهان لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكدا ئاشكرای دەكەن كە ڕۆژانە كێشانی پاكەتێك جگەرە هۆكارە بۆ گۆڕینی 150 خانەی سی و زیان پێگەیاندنی لە ساڵێكدا.
ساڵانە لێكۆڵینەوەی نوێ دەكرێت دەربارەی زیان و مەترسییەكانی جگەرە كێشان و بۆ سەر تەندروستی لەش، پسپۆڕانی جیهانی لە نوێترین لێكۆڵینەوەیاندا لەسەر زیانەكانی جگەرە و پەیوەندی بە لەشەوە، ئەوە دەخەنە ڕوو كە پەیوەندی پتەو هەیە لە نێوان ژمارەی ئەو جگەرانەی دەكێشرێت و خانەكانی سی و ژمارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە پێكهاتەی ترشییەكاندا ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی دروستبوونی وەرەم، واتە جگەرە كێشان هۆكارێكە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی سی، جگەر، گەروو و چەندین جۆری جیاوازی تری شێرپەنجە، ساڵانە جگەرە دەبێتە هۆی كوشتنی شەش ملیۆن كەس بەپێی ڕاپۆرت و داتاكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە لایەكی دیكەوە توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە جگەرە كێشان هۆكاری 17 جۆری تووشبوون بە شێرپەنجەیە و دەبێتە هۆی گۆڕینی ماددەی ترشی نێو خانەكان.
پرۆفیسۆر لۆدمیڵ كەسندروف، لەم بارەوە دەڵێت” قورسە پەیوەندی تەواوی شێرپەنجە و جگەرەكێشان بە تەواوی ڕوون بكەینەوە، ناتوانین بڵێین شێرپەنجە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە جگەرەوە هەیە، بەڵام هۆكارێكە بۆ گۆڕینی ترشە ماددەكان، ئەمەش كاریگەری لەسەر دروستبوونی شێرپەنجە هەیە و كێشانی یەك پاكەت ڕۆژانە دەبێتە هۆی گۆڕینی 15 خانە لە سییەكان و ئەمەش زیان بە جینەكان دەگەیەنێت، لە هەمان كاتدا زیان بە 97 خانەی گەروو، 32 خانەی دەم و 18 خانەی میزڵدان دەگەیەنێت.
س/ پەیجی زانیاری گشتی