مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ژمارەی كوژران و بێسەروشوێنبوونی ڕۆژنامەنووسان لە جیهان، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرز بووەتەوە و ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ئاشكرای دەكات كە ئەمساڵ بۆ ڕۆژنامەنووسان ساڵێكی خوێناوی بوو .
ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتێكی لە ژێر ناونیشانی ‘ڕۆژنامەنووسان نامرن، بەڵكوو دەكوژرێن‘ ئاشكرای دەكات كە ساڵی 2025 خوێناوی بوو بۆ ڕۆژنامەنووسان، چونكە لەم ساڵەدا 67 كەسیان كوژراون و 135 ڕۆژنامەنووسیش بێسەروشوێنن.
ڕێكخراوی ناوبراو لە ڕاپۆرتەكەی دا ئاماژەی بە پێشێلكارییەكانی دیكەش داوە كە لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان كراوە “لە ماوەی ئەمساڵ 503 ڕۆژنامەنووس لە 47 وڵاتی جیهان زیندانی كراون 121 لە چین، 48 لە ڕووسیا و 47 لە بۆرما پلەی یەكەم تا سێیەمیان گرتووە، 135 ڕۆژنامەنووسیش بێسەروشوێنن، هەندێكیان بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە چارەنووسیان نادیارە و ژمارەیەكیشیان 30 ساڵە بێسەروشوێنن، زۆرینەیان لە سووریا و یەمەنن.”
ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور جەخت لەوەش دەكاتەوە زیادبوونی ژمارەی قوربانییەكان بەهۆی ڕقە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و نەبوونی لێپرسینەوەیە.

































































