یەکەمین گرووپی تووشبووان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی سەرکەوتوو، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و ئامادەکاری بۆ ناردنی کاروانی پێنجەم دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند : دوێنێ هەینی ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سێ تووشبووی تالاسیمیا کە بەشێک بوون لەو کاروانانەی لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرابوون، دوای نزیکەی ١٠٠ ڕۆژ مانەوە و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی “چاندنی مۆخی ئێسک”، بە تەندروستییەکی باشەوە گەیشتنەوە ناو کەسوکاریان.
وەزارەتی تەندروستی وردەکاریی پڕۆسەکەی خستەڕوو و ئاشکرای کرد، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەت بۆ بنبڕکردنی یەکجارەکیی تالاسیمیا. حکوومەتی هەرێم تەواوی خەرجییەکانی (پشکنین، ڤیزا، بلیتی فڕۆکە، مانەوەی نەخۆش و هاوەڵەکانیان، تێچووی نەشتەرگەری و دەرمان)ـی لە ئەستۆ گرتووە.
بەگوێرەی ئامارەکان، تا ئێستا چوار کاروان ڕەوانەی دەرەوە کراون و لە ئێستادا ١٧٢ هاووڵاتی (کە پێکدێن لە نەخۆش، بەخشەری مۆخ و هاوەڵەکانیان) لە دەرەوەی وڵات لەژێر چاودێری و چارەسەردان.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش داوە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا، کاروانی پێنجەمی تووشبووان بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن، ئەمەش وەک دەستپێشخەرییەک بۆ گەڕاندنەوەی هیوا بۆ ئەو خێزانانەی ساڵانێکە بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بەو پێیەی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخ تاکە چارەسەری بنبڕە و تێچووەکەی زۆر گرانە، بەڵام بۆ هاووڵاتیان بەبێ بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.


































































