ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سووننە ئاشکرای دەکات، بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوەن پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بدرێت بە کەسایەتییەک کە سەر بە گرووپە چە*کدارەکان بێت. هاوکات داوای وەرگرتنی وەزارەتی داراییش دەکەن.
بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە کوردی و شیعەکان، بڕیارە ئەنجومەنی سیاسی سووننە، کە دیارترین هێزە سووننییەکان لەخۆدەگرێت، لیژنەیەکی دانوستانکار پێكبهێنێت.
عەبدولخالق عەزاوی، سەرکردە لە هاوپەیمانی سووننەکان رایگەیاند: بە توندی رەتیدەکەینەوە کەسێک لە گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمە پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، هەروەها پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەین و داواش دەکەین چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
عەزاوی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجومەنەکە داوای وەزارەتی دارایی لە بری وەزارەتی رۆشنبیری دەکات، هەروەها لایەنە سوننەکان داوای پشکی پێکهاتەی سوننە لە پۆستە ئەمنییەکان دەکەن.

































































