بەپێی زانیارییەکانی روانگەی ئیکۆ عێراق، بانکی ناوەندی عێراق نامەیەکی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، نامەکە کە لەلایەن “نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان” (OFAC)ـەوە نێردراوە، داوای روونکردنەوە دەکات سەبارەت بە بوونی جموجۆڵی دارایی گوماناوی لە “بانکی بەغدا” کە پەیوەستە بە داهاتی قاچاخچیەتی نەوتی عێراقەوە.
نامەکەی OFAC وردەکاری مەترسیداری تێدایە و ئاشکرای کردووە، ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی قاچاخچیەتی نەوت داواکراون، بڕە پارەیەکی زۆریان لە “بانکی بەغدا” داناوە، بەگوێرەی زانیارییەکان بەشێک لە فەرمانبەران و ئیدارەی ناوخۆی بانکەکە خۆیان ئاسانکارییان کردووە بۆ پرۆسەی دانانی پارەکە و ئەنجامدانی “سپیکردنەوەی پارە.”
روانگەکە دەشڵێت، ئەم جۆرە حاڵەتانە پێویستیان بە بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی بانکەکە هەیە، بە ئامادەبوونی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییەی گرێبەستی لەگەڵ کراوە بۆ وردبینی جوڵەی پارە، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە رێڕەوی حەواڵەکان و سپاردە گوماناوییەکان.

































































