دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پڕۆژەیەکی نوێی بەناوی “کارتی زێڕینی ترەمپ” ڕاگەیاند، کە ڕێگەیەکی خێرایە بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە پێشکەشکردنی بڕێک پارە وەک “دیاری”.
ڕۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (Truth Social) پۆستێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: کارتی زێڕینی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەمڕۆوە بەردەستە! ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ بەدەستهێنانی هاووڵاتیبوون بۆ هەموو ئەو کەسانەی شایستەن و وردبینییان بۆ کراوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە دڵخۆشکەرە و دەبێتە هۆی ئەوەی “کۆمپانیا مەزنەکانی ئەمەریکا بتوانن پارێزگاری لە بەهرەمەندە بەنرخەکانیان بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی (trumpcard.gov)، پرۆسەکە بەم شێوەیەیە:
١. داواکار سەرەتا دەبێت بڕی ١٥,٠٠٠ دۆلار (١٥ هەزار دۆلار) وەک رسووماتی مامەڵە بدات، کە ئەم پارەیە “نەگەڕاوەیە.
٢. دوای ئەوەی بەرپرسان بەپەلە وردبینی بۆ دۆسیەکە دەکەن، داواکار دەبێت بڕی ١,٠٠٠,٠٠٠ دۆلار (یەک ملیۆن دۆلار) وەک “دیاری” ببەخشێت، کە ئەمەش وەک بەڵگەیەک دادەنرێت بۆ ئەوەی کە کەسەکە “سوودی بەرچاو” بە وڵاتەکە دەگەیەنێت.

































































