کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNO)ـی نەرویجی، کە کۆمپانیایەکی کارای بواری نەوت و گازە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی “تاوکی” ٥٠٠ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاند.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە هەفتەی داهاتوو، دوای وەستانێکی دوو ساڵ و نیوی لە خەرجییەکان، دەست بە پرۆسەی هەڵکەندن لە کێڵگە سەرەکییەکەی دەکاتەوە. پرۆسەکە بە لێدانی بیرێکی نوێی بەرهەمهێنان دەست پێ دەکات کە تێیدا تەرکیز دەکرێتە سەر کۆگای “جەریبە” لە کێڵگەی تاوکی.
بۆ ئەم مەبەستەش، دوو تاوەری هەڵکەندن بە ناوەکانی DQE-51) و (Sindy – کە هی خودی کۆمپانیای دی ئێن ئۆن، تەرخان کراون بۆ لێدانی هەشت بیری نەوت تا ساڵی ٢٠٢٦. ئامانجی کۆمپانیاکە ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی بە ڕێژەی ٢٥٪ بەرز بکاتەوە و بیگەێنێتە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. جێگای ئاماژەیە مۆڵەتی “تاوکی” هەردوو کێڵگەی تاوکی و پێشخابوور لەخۆ دەگرێت، کە دوو لە گەورەترین کێڵگەکانی هەرێمەکە، لەلایەن کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
بیژەن موسەوەر ڕەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری دی ئێن ئۆ لەم بارەیەوە وتی: “سەرەڕای وەستانی هەڵکەندنی نوێ بەهۆی داخستنی بۆری هەناردەکردن لە ساڵی ٢٠٢٣ و کەمبوونەوەی داهات، هێشتا ڕۆژانە بڕی ٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنین، ئەوەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازی بەردەوام و کەم تێچوو لە بیرەکاندا.”
ڕەحمانی ئاماژەی بەوەش کرد: “بەهۆی ئەزموونی دوو دەیە کارکردن لەم کۆگا ئاڵۆزانەدا، متمانەی تەواومان بە تواناکانمان هەیە بۆ دەرهێنانی نەوتی زۆر زیاتر لەم کێڵگانەدا،” و جەختی کردەوە کە “دی ئێن ئۆ کلیلی کێڵگەی تاوکی بەدەستەوەیە.”
دی ئێن ئۆ یەکەم کۆمپانیای ڕۆژئاوایی بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٤ هاتە هەرێمی کوردستان و دەستی بە کار کرد، بەمەش بناغەی پیشەسازییەکی مۆدێرنی نەوتی دانا کە ئابووری هەرێمەکەی گۆڕی. شانبەشانی کارەکانی لە کوردستان، کۆمپانیاکە لە نەرویجیش گەشەی کردووە و پێشبینی دەکرێت ساڵی ٢٠٢٥ بە بەرهەمهێنانی ٩٠ هەزار بەرمیل نەوت و گازی هاوتا کۆتایی پێ بهێنێت.































































