لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە كوردستان، باس لە پێویستی بەردەوامبوونی پشتگیری و هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات كرایەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ كۆڵۆنێڵ فیتز گیراڵد فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كۆبووەتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە لەم دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستەی هێزی پێشمەرگە كرا، هەروەها لایەنەكان باسی پێوەندی و هاوئاهەنگی نێوان هەردوولایان كرد و تایبەتمەندیی گرنگی گفتوگۆكان، سەرنج لەسەر ڕێكخستنی كارەكانی فەرماندەیی دەڤەرەكان و یەكگرتنەوەی هێزەكان بوو.
هاوكات پێویستی بەردەوامبوونی پشتگیری و هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتی لەسەر كرایەوە، لە كۆتاییدا گرنگییان بە پێشخستن و گەشەپێدانی پێوەندی و هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا كرد و دڵنیایی لە بەردەوامبوونی هاوكاری دوولایەنە كرایەوە.


































































