بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی لەسەر دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دراوە. بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێت: “ڕێنوێنی بۆ دابەشکردنەکە دەردەچێت.”
سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی له وهزارهتی شارهوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: “دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست، نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە.”
ئاماژەی بەوەش دا: “هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەدرێ، خەریکی دەرکردنی ڕێنوێنیین، جارێ هیچ ڕێنوێنییەک دەرنەچووە.“
لەو نووسراوەی کە ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی شارەوانی رەوانە کردووە، هاتووە: “بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی درا لەسەر تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کە ماوەی خزمەتی کردەییان لە 8 ساڵ کەمتر نەبێت.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەمان مەرج و ڕێکارەکانی هاتوو لە ڕێنمایی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان ژمارە (2)ـی ساڵی (2024)ـی هەموارکراو، بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستیش جێبەجێ دەکرێت.

































































