مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری ڕاگەیاندن و ڕەوەندی ئیسرائیل ئاشكرای دەكات كە جەنگ لە نێوان وڵاتەكەی و سووریا ڕوو دەدات و دروستبوونی گرژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سنووری نێوان هەردوو وڵاتیش بەڵگەن لەسەر نزیكبوونەوەی جەنگەكە.
عەمیحای شیكلی، وەزیری ڕاگەیاندن و ڕەوەندی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـى 12ـى 2025، پەیامێكی لەسەر پلاتفۆرمی “X” بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت “جەنگ لەگەڵ سووریا حەتمییە.”
قسەكانی شیكلی دوای گرژییەكانی سنوور هات، كە هاووڵاتییانی مەدەنی سووری لە قونەیترە بە بۆنەی ساڵیادی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە ناوچە سنوورییەكە كۆبوونەوە و سوپای ئیسرائیلیش بە تەقەكردن و بۆمبی دووكەڵ دووری خستنەوە .
هاوكات ڕۆژنامەی “یەدیعوت ئەحرۆنۆت” بڵاوی كردەوە “ڕووداوەكەی قونەیترە هاوكات بووە لەگەڵ گەشتێكی مەیدانی مایك واڵز، باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ناوچەكە.”

































































