زاری كرمانجی
بەبۆنەی ساڵڕۆژی جیهانی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ لە ١٩٤٨/١٢/١٠ لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەخت لەسەر پابەندی خۆی دەكاتەوە لەسەر كاركردن و داكۆكی كردن لەمافەكانی مرۆڤ و پارێزگاری كردن لەمافی گشتی و چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بەگشتی.
لەو یادەدا دەستەی مافی مرۆڤ وەك دەزگایەكی باڵای نیشتمانی سەربەخۆ بەخۆشحاڵیەوە ڕایدەگەینێت كەبەبێ جیاوازی و دوور لەهیچ فشارێك و دڵسۆزانەو بێ لایەنانە ئەركەكانی خۆی جێ بەجێ كردووە وەبۆتە دەزگایەكی متمانە پێكراوی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی داكۆكی لەمافەكانیان بكات.
دەستەكەمان بەگرنگیەوە بۆ باشتر كردنی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان كاری كردووە هیچ كات سڵی نەكردوە لە بەدوا داچون و دۆكیۆمێنت كردنی پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ لەهەر ئاست و پێگەو شوێنێك بوبێ هەمیشە دەرگای دەستە كراوەبوە بۆ وەرگرتنی سكاڵای هاوڵاتیان و هەر دام و دەزگاو ڕێكخراوێك كە هانای بۆ دەستە هێنابێ.
دەستەی مافی مرۆڤ جەخت دەكاتەوە كە بەڵێ سەرنجمان هەبوەو پێشلكارییش بەردەوام هەیە بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ بەڵام بەهەوڵی دڵسۆزان و داكۆكی كارانی بواری مافی مرۆڤ هەوڵەكان بەردەوامن لە باشتركردنی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان.
دەستەكەمان هەماهەنگی پتەوی هەیە لەگەڵ دامەزراوە فەرمیەكانی هەرێم و سەرۆكایەتیەكان و سەرجەم لایەنەكان و هەركاتێك لەهەر شوێن و جێگەیەك یان بەرامبەر هەركەس و شوێنێك سەرنجمان هەبوبێ پێمان ڕاگەیاندوون لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆمان ئاماژەمان پێ داوە.
جگە لەوەش هەر كاتێك لەهەر جێگەیەك ڕووداوو پێشێلكاریەك هەبوبێ تیمی تایبەتی دەستە سەردانی كردوەو پەیاممان هەبووە.
بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە مكوڕترمان دەكات لەسەر بەردەوامیمان لەو ئەركە پیرۆزە مرۆییەی لەسەر شانمانەو سەرەڕای هەر كەم و كوڕیەك بەڵام كارمەندان و تیمە ماندو نەناسەكانی دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامن لەخزمەت كردن و بەدواداچون بۆ كەیسەكانی پێشێلكاریەكان
هیوادارین ئەو یادە ببێتە مایەی هاتنە كایەی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بەگشتی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان































































