محەممەد مەحموود- سۆران:
بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەو پاراستنی ڕێگاو بانی سۆران بڵاویکردەوە بەهۆی داڕمانی شاخ، بۆ سەر رێگای سەرەکی چۆمان – سۆران، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەو پاراستی رێگاو بانی سۆران کەرتی چۆمان ، هەڵسان به فڕێدان و پاککردنەوەی ئەو ڕێگاسەرەکییه له پارچە شاخی داڕماو تاکو ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست نەبێت.
خوسرەت سادق، بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەو پاراستنی ڕێگاو بانی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بەشێوەی 24 کاتژمێری لە ئەرکدان بۆ هەر رووداوێک کەوا لە ڕێگاو بانەکانی دەرەوەی شارەکان دروست بێت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ئەو شەپۆڵە باران بارینەش ئێمە ئامادەکاری پێویستمان کردووه، تیمەکانمان بەردەام لە ئامادەباشیدان، ئەو ڕێگایانەی زیاتر مەترسی داروخانی شاخ و هاتنی بەردیان لەسەرە ڕێگای سۆران چۆمان و ڕێگای بێخاڵ رواندزن، لەم دوو ڕۆژەش لە هەر دوو ڕێگاکە بەرد هاتوونەتە خوارەوە هەر زوو تیمەکانمان گەیشتوونەتە ئەو شوێنانەو ئاستەنگەکانیان لابردون، ئەمڕۆش لە ڕێگای چۆمان – سۆران داڕمانی شاخ هەبووە لە لایەن تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان تواندرا پاشماوەی داڕمانی شاخ لەسەر ڕێگای سەرەکی لاببرێن”.
بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەو پاراستنی ڕێگاو بانی سۆران گوتیشی” سەرە ڕای بەرفراوانی سنووری کارکردنمان ئامێرەکانمان کەمن و پێویستیمان بە ئامێری زیاتره چونکە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناوچەیەکی شاخاوییە و لە کاتی بەفرو باران بارین تیمەکانمان بەردەوام لە ئەرکدان بۆ چاودێرکردنی ڕێگاو بانەکان.

































































