تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، هاوكارییەكانیان گەیاندە چەمچەماڵ و شارەدێی شۆڕش و ناوچەكە و بەردەوامیش دەبن لە گەیاندنی هاوكاری زیاتر.
ئیسماعیل عەبدولعەزیز ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند” ئەو تیمەی چووەتە چەمچەماڵ، تیمی بەهاناوەچوونی خێرایە و هاوكارییەكان دەگەیەنێتە زیانلێكەوتووانی لافاوەكە، دوای گەیشتنی تیمەكەمان بە چەمچەماڵ، خەمڵاندن بۆ قەبارەی زیانەكان دەكرێت، هەروەها هاووڵاتییانی زیانلێكەوتوو ناونووس دەكرێن و بەپێی پێویست هاوكاری دەكرێن.
ئیسماعیل عەبدولعەزیز زیاتر روونیكردەوە ” تا ئیستا 10 بارهەڵگری هاوكاری كە پێكهاتوون لە جلوبەرگ، كەلوپەلی ناوماڵ، خواردن و پێداویستی تەندروستی گەیشتوونەتە چەمچەماڵ و بەیانیی ئەمڕۆ خواردن بەسەر زینلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ دابەش كرا و تا هاووڵاتییان پێویستیان بە ئێمە بێت، لە خزمەتیاندا دەبین”.
لەلایەكی ترەوە كوردستان فاوندەیشن ڕای گەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێداویستیی فریاگوزاری و هێزی مرۆیی لە ڕێگەی تیمە خۆبەخشەكانەوە بۆ لێقەوماوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ دابین دەكات.
هاوكات دەزگای روانگە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، دوای لافاوەكەی چەمچەماڵ كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتی و زیانی مادی بۆ ژمارەیەكی زۆر خێزان، ئەوان لە پێوەندیدان لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
هەروەها دەزگاكە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی (JCC) لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لەسەر هێڵە و ئامادەیی هەموو هاوكاری و هاوئاهەنگییەكی دەربڕیوە بۆ بەدەمەوەچوونی لێقەوماوان، بەپێی توانای دەزگاكە و ئەو ئەركانەی لەلایەن لایەنی پێوەندیدارەوە بۆیان دیاری دەكرێت.”
بەهۆی لافاوەكەی رۆژی سێشەمەوە لە چەمچەماڵ، دوو كەس و لە گوندێكی سنووری لەیلان و منداڵێك گیانیان لە دەست دا، زیانێكی زۆری مادیش بە خەڵكی ناوچەكە گەیشتووە.
لای خۆشیەوە هێمن میرانی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ، ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەكان، هەڵمەتی فراوانی كۆكردنەوەی پاڵپشتی بۆ كەسوكارمان لە چەمچەماڵ و شوێنە زیانلێكەوتووەكانی تر دەست پێ كردووە.
ئەوەشی گوتووە، ئەمڕۆ بە بەشداریی چەند دامەزراوەیەكی ناحكوومی و خێرخوازی و هاووڵاتییان، دەست و رۆحی كوردانەی برایەتی دەگاتە لێقەوماوان.
































































