دوای ئەوەی گرووپێکی چەکداری دیاری نزیک لە ئێران لە عێراق، هەڕەشەی لە مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هۆشدارییەکی تونددا جەختی کردەوە ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن دەبێ هەڵوەشێنەوە لەبەر ئەوەی سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوە، هەڕەشە لە ئەمریکی و عێراقییەکان دەکەن و سەرچاوە و سامانی عێراق بۆ ئێران بەتاڵان دەبەن.”
رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا (کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت)، هەڕەشەی لە مارک ساڤایا کرد و ڕایگەیاند: “ئەگەر بێدەنگی نەکەن، ئەوا بەرخۆدانی ئیسلامی بەردێک دەئاخنێتە دەمیەوە.”
ئەم هەڕەشەیە دوای لێدوانە بەردەوامەکانی نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا هات کە داوای چەککردنی میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانی کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (The New Region) ڕایگەیاند: “ئێمە سەرکۆنەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک دەکەین بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکا.” ئاماژەی بەوەش دا کە واشنتن “بەردەوام چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ زانیارییەکان سەبارەت بە هەڕەشەکان دەکات و دۆخی ئەمنی و جموجۆڵەکانی بەو پێیە ڕێک دەخات.”
جەختی لەوەش کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان “بە ڕوونی قسەی کردووە و بەردەوام دەبێت لەسەر پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوە، هەڕەشە لە ئەمریکی و عێراقییەکان دەکەن و سەرچاوە و سامانی عێراق بۆ ئێران بەتاڵان دەبەن.”
لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا، کەعبی تۆمەتی ئەوەی دابووە پاڵ ساڤایا کە “خیانەتی لە وڵاتەکەی کردووە و بەرانبەر بە نیشتمانەکەی دڵسۆز نەبووە، بەڵکوو سپڵە و ناپاک بووە.”
مارک ساڤایا، کلدانییەکی بە ڕەگەز عێراقییە و بازرگان و وەبەرهێنەرە لە شاری دیتڕۆیت. لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق دەستنیشان کرا.
پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ساڤایا یەکەم سەردانی خۆی بۆ عێراق وەک نێردەی ئەمریکا ئەنجام بدات.
کەعبی وتوویەتی: “ئەم نێردەیە ناپاکە بەرامبەر وڵاتەکەی و خۆی خستووەتە باوەشی داگیرکەرانەوە، ئەوانەی بە بێباکی و بەبێ ڕەچاوکردنی سەروەریی عێراق هاتوون، قۆڵی هەڵماڵیوە بۆ دزینی سامانی وڵاتەکەی و خستنەبەردەستی ئاغا ئەمریکییە گەمژەکەی.”
بزووتنەوەی نوجەبا بەشێکە لە “بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق”، کە چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و زۆربەیان لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناسێنراون.
قسەکانی کەعبی هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی مایکل ڕیگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان، کە تێیدا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەرلەوەی گەورەترین کۆمەڵگەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لە هەولێر بکاتەوە.
لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، واشنتن بزووتنەوەی نوجەبای لەگەڵ سێ گرووپی دیکەی عێراقیی نزیک لە ئێران وەک “ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی” (FTO) پۆلێن کرد. ساڤایا بەردەوام هۆشداریی داوە لە کاریگەریی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و ئەو مەترسییەی لەسەر سەروەریی بەغدا دروستی دەکەن.
ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سنووردارکردنی کاریگەریی ئێران لە عێراق و کەمکردنەوەی ڕۆڵی گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە تاران، کە دەسەڵات و حوکمڕانییان هاوشێوەی هێزەکانی دەوڵەتە.
دەسەڵاتدارانی عێراق نیگەرانییەکانی واشنتن ڕەت دەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوکاریی بەغدا لەگەڵ تاران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانیی عێراقە و درێژکراوەی بڕیارەکانی وڵاتەکەیە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی سەربەخۆ.

































































