مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكی دا یاریی ئەلیكترۆنیی “لودۆ” (Ludo) ی قەدەغەكرد و ڕایدەگەیەنێت “ئەم بڕیارە لە پێناو پاراستنی بەها خێزانی و كۆمەڵایەتییەكانی وڵات دراوە،”
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق هاتووە “بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی بە ئێمە بەخشراوە و لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵیدا، بڕیار درا بە قەدەغەكردنی یاری لودۆ بە مەبەستی پاراستنی خێزانە عێراقییەكان لە مەترسییە زیادبووەكان و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر كۆمەڵگە.”
دەشڵێت “یارییەكە بووەتە سەرچاوەی ناكۆكی توند لە نێوان هاوسەراندا، بەتایبەتی بەهۆی سیستەمی گرەو كردنەوە كە هانی ڕەفتاری مەترسیدار و قبووڵنەكراو دەدات.”
جەخت لەوەش دەكاتەوە كە بڕیاری قەدەغەكردنی یارییەكە دوای بەدواداچوونی ورد هات بۆ كۆمەڵێك كێشە كە بەهۆی ئەم یارییەوە سەریان هەڵداوە. لەوانە بوونی “چاتی تایبەت” كە ڕێگە بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەدات لە ژینگەیەكی نادیاردا و مەترسی ئیستغلالی سێكسی لێ دەكرێت.

































































