مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە یەكەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، بەرزكردنەوەی وێنەی سەددام حسێن سەرۆككۆماری لەسێدارەدراوی پێشووتری عێراق، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا .
دوێنێ دووشەممە 8ـى 12ـى 2025، دانیشتووانی شاری تەرتوس بە بۆنەی ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، پۆستەرێكی وێنەیان لە دەروازەی شارەكەیان هەڵواسی، كە وێنەی (سەددام حسێن، سەرۆككۆماری پێشووتری عێراق و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا و ئەحمەد شەرع سەرۆكی ڕاگوزەری سووریا، محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە و تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر) ی تێدابوو، كاردانەوەی زۆری بە دوای خوێدا هێنا.
پەرلەمانتارێكی كورد لە باكووری كوردستان، پەیامێكی توندی ئاراستەی شەرع كرد و گوتی “ئاوڕێك لە چارەنووسی سەددام بدەنەوە و تێبگەن،”
سری ساكیك پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەسەر ئەو وێنانەی لەوڵاتەكەیدا بەرزكراونەتەوە ڕەخنەی توندی لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا گرتووە و دەڵێ “بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕزگاربوونی سووریا لەدەست ئەسەد، حكومەتەكەی تەحریر شام بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع پۆستەرێكی گەورەترین تاوانباری جینۆسایدی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز كردووەتەوە،”
دەشڵێت “تەنیا یەك وەڵاممان هەیە بۆ شەرع و دەسەڵاتدارانی، ئەویش ئەوەیە، ئایا وێنەی سەددام وەك هەڕەشە بۆ ئێمە نیشان دەدەن ؟ بەڵام بیرتان نەچێت، چاوێكی باش لە چارەنووسی سەددام بكەن.”
هاوكات بەشێكی زۆری چالاكوانانی مەدەنی و سیاسیی لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان، لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە نیگەرانی خۆیان نیشاندا و ڕەخنەی توندیان لە حكومەتەكەی شەرع گرت .

































































