وەزارەتی دارایی گوژمەی حەوتەمی شایستە داراییەکانی جووتیاران، کە زیاتر لە 233 ملیار دینارە خەرج کرد.
لە ڕاگەیێنراوێکدا وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند: بڕی (233 ملیار و 999 ملیۆن و 993 هەزار و 760 دینار) ـی گوژمەی حەوتەمی جووتیارانی خستە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی، ئەمەش بۆ پێدانی ئەو پارەیەی قەرزاری ئەو جووتیارانەیە کە بۆ وەرزی کشتوکاڵی 2025 بەروبوومی گەنم و برنجی خۆیان خستووەتە بازاڕەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکارەکانی پارەدارکردن لەسەر بنەمای ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەت و لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزیری داراییدا ئەنجامدراوە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەت بە پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دەستەبەرکردنی مافی جووتیاران و گەیاندنی بەردەوامی شایستە داراییەکانیان.

































































