نووسینگەی یاریدەدەری سەرایا ئەلسەلام لە نامەیەكدا بۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، زانیاریی وردی لەسەر تۆڕێکی مەترسیداری قاچاخچێتیی چەک و هۆشبەرەکان ئاشکرا کردووە، کە ئاراستەی ناوچەکانی بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەکرێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە ئاراستەی موقتەدا سەدر کراوە، دەرکەوتووە کە ژمارەیەک کەس لە دوو عەشیرەتی دیاریکراو لە پارێزگای نەجەف و ناوچەی حەیدەرییە تێوەگلاون. ئەو کەسانە کاری کشتوکاڵی، بازرگانیی ئاژەڵ، عەلەف، خۆراک و بەرهەمە نەوتییەکان وەک ساترێک بەکار دەهێنن بۆ گواستنەوەی چەک و هۆشبەرەکان بۆ گوندەکانی ئەو ناوچانەی داعش تێیدا هەیە، هەروەها بەپێچەوانەشەوە.
بەڵگەنامەکە ئاماژە بە ڕێڕەوی سەرەکیی قاچاخچێتییەکە دەکات کە لە پارێزگای ئەنبارەوە دەست پێدەکات و بە نەجەفدا تێدەپەڕێت و دەگاتە دیوانییە. ئەم ڕێڕەوە چەندین خاڵی جوگرافیی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە وادیی حۆران، شەعب ئەلبوەیز، غەڕە و ناوچەکانی نێوان مەزڵووم و شەبەجە، تا دەگاتە شەنافییە.
سەرایا ئەلسەلام پێنج خاڵی ئەگەریی بۆ چوونە ژوورەوەی قاچاخچییەکان بۆ ناو پارێزگای نەجەف دیاری کردووە، کە پێویستە دەستبەجێ کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئەو خاڵانە بریتین لە:
یەکەم: دەروازەی قەڵای تەحریر لە حەیدەرییە.
دووەم: دەروازەی وێستگەی کارەبا.
سێیەم: دەروازەی دیوک.
چوارەم: دەروازەی مەزڵووم.
پێنجەم: دەروازەی شەنافییە.
سەرایا ئەلسەلام گرووپێکی چەکدارییە کە لە لایەن سەید موقتەدا سەدرەوە سەرپەرشتیی دەکرێت و وەك خۆیان دەڵێن ئامانجیان پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان و پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی.

































































