بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند ” دوای رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە عێراق، ئەو ئەركەی لەسەر شانی حكومەتی هەرێم بووە، هەمووی جێبەجێ كردووە، بەڵام حكومەت عێراق نەك تەنها مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نادات، بەڵكو زۆر بە زەقی زولم لە هەرێمی كوردستان دەكات.
ناوبراو گووتی: “بەپێی یاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 تا 2025، دەبووایە حکومەتی عێراق نەک تەنها مووچە، بەڵکو بودجەی وەبەرهێنان، پترۆدۆلار و بودجەی بەکارخستنیش بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام ئێستا ئەوە ناکات و زوڵم لە خەڵکی کوردستان دەکات.”
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، فازڵ نەبی دڵنیایی دا کە “مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران نافەوتێت”، بەڵام هۆشداری دا کە “مووچەی مانگەکانی 11 و 12 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەخورێت.”
سەبارەت بە ساڵی داهاتووش ڕوونیکردەوە: “مووچەی ساڵی 2026 هیچ گرفتێکی نییە و بەپێی ڕێککەوتنەکان دابەش دەکرێت.”
فازڵ نەبی نەخشە ڕێگایەکی یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو دوو مووچەیە خستەڕوو و گووتی: “ئەگەر بمانەوێت مووچەی مانگەکانی 11 و 12 نەفەوتێت، دەبێت لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 دا باسی ئەو دوو مووچەیە بکرێت و بڕی 2 تریلۆن دینار بخرێتە سەر میزانییەی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.”جەختیشی کردەوە کە “ئەگەر ئەمە بە یاسا جێگیر نەکرێت، هیچ حکومەتێک دەسەڵاتی خەرجکردنی ئەو پارەیەی نابێت.”
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی ڕەخنەی لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا گرت و گووتی: “دەبووایەلەسەر ئەم كێشانە پەنایان بۆ دادگای فیدراڵی ببردایە و سکاڵایان لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار بکردایە، دڵنیام داواکەشیان دەبردەوە.”


































































