سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی بانکە بازرگانی و پسپۆڕییەکان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لیژنەیەکی باڵا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەستیان بە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان کردووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەپێی پلانەکە لە قۆناغی یەکەمدا، هەر چوار بانک دەکرێن بە یەک بانک؛ ئامانجی سەرەکی پرۆژەکەش هێشتنەوەی تەنیا یەک بانکی بازرگانییە لە هەولێر و شارەکانی دیکە لە ماوەی ساڵێکدا. لەم کاتەدا لە کۆی 35 بۆ 40 بانک لە هەولێر، ژمارەکە بۆ 8 بانک کەم دەبێتەوە و هەمان ڕێکار لە سلێمانی و دهۆکیش پەیڕەو دەکرێت.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی بەشێکە لە بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی کەرتی دارایی و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی.
لە ماوەی رابردوودا حکومەت پڕۆژەی (هەژماری من)ی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران راگەیاند، ئەمەش پێویستی بە ژێرخانێکی بانکی بەهێز و کەمتر بیرۆکراسی هەیە.
کەمکردنەوە و یەکخستنی بانکە حکومییەکان، هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری سیولەی نەختی، کەمکردنەوەی خەرجیی تێچوونی بەڕێوەبردن و ئامادەسازی بۆ بەستنەوەیان بە سیستەمی بانکیی ناوەندیی عێراق و سیستەمە جیهانییەکان، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە مۆدێرنە داراییەکان وەربگرن.

































































