دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە عێراق کۆتاییهاتنی پرۆسەی وردبینیکردن و یەکلاییکردنەوەی سەرجەم ئەو تانانەی ڕاگەیاند کە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تۆمار کرابوون و ژمارەیان زیاتر لە 850 تانە بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان تەواوی ئەو تانانەی یەکلا کردووەتەوە کە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێشکەش کرابوون و ژمارەیان 853 تانە بووە.
بەپێی ڕێکارە یاساییەکان، دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان، هەنگاوی داهاتوو بریتییە لە ڕەوانەکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە مەبەستی پەسەندکردنیان.
ڕۆژی 11/11/2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، کە تێیدا ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان زیاتر لە 50% بوو.

































































