موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای لە شوێنکەوتووانی کرد ئامادەکاری بکەن بۆ نوێژێکی هەینیی یەکگرتووی ملیۆنی لە پارێزگای بابل.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە واژۆی موقتەدا سەدری لەسەرە و ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، سەدر جەختی کردووەتەوە ئەم بڕیارە لەپێناو “بەرژەوەندیی گشتی و زیندووکردنەوەی نوێژی هەینی” ـیە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا سەدر دەڵێت: “لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و زیندووکردنەوەی ئەو نوێژە هەینییەی بە خوێنی شەهید سەدر و دوو کوڕەکەی ئاو دراوە، هەروەها بۆ بەرزڕاگرتنی وشەی ئایین و مەزهەب، بە پێویستی دەزانم نوێژێکی یەکگرتوو لە سەرجەم عێراق ئەنجام بدرێت.”
سەدر لە پەیامەکەیدا پارێزگای بابلی وەک شوێنی سەرەکیی گردبوونەوەکە دەستنیشان کردووە و ڕایگەیاندووە: “با ئەمساڵ نوێژەکە لە پارێزگای بابلی ئازیز بێت… بۆ ئەوەی ببێتە گردبوونەوەیەکی ملیۆنی و دوژمنانی پێ چاوترسێن بکرێت.”
ئەم بانگەوازەی موقتەدا سەدر وەک بەشێک لە نەریتی ساڵانەی ڕەوتەکە دێت بۆ زیندووکردنەوەی یادی یەکەمین نوێژی هەینی کە لەلایەن محەمەد سادق سەدر (باوکی موقتەدا سەدر) لە مزگەوتی کووفە ئەنجام درا.
ئەنجامدانی نوێژی هەینی لای سەدرییەکان تەنها ڕەهەندێکی ئایینی نییە، بەڵکوو وەک هێمایەکی سیاسی و جەماوەری سەیر دەکرێت. محەمەد سادق سەدر لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا نوێژی هەینیی وەک مینبەرێک بۆ دژایەتیکردنی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بەکاردەهێنا.
لە ساڵانی ڕابردووشدا، موقتەدا سەدر چەندین جار کارتی “نوێژی ملیۆنی”ی وەک نمایشێکی هێز لە دژی نەیارە سیاسییەکانی یان بۆ دەربڕینی هەڵوێست بەرامبەر بوونی هێزە بیانییەکان بەکارهێناوە.

































































