موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی:
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ساڵانێک بوو گوندی شیوان لە سنووری قەزای سیدەکان گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەبوو، خۆشبەختانە حکوومەتی هەرێم ڕەزامەندی نیشاندا بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەیەکی گرنگی ئاو لەو گوندە .
قارەمان شێخۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەکان، دەڵێت:” پڕۆژەی ئاوی شیوان بە گووژەمەی یەک ملیار دینار لەسەر بوددجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار جێبەجێ دەکرێت، کە پێکدێت درێژکردنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی بە مەودای زیاتر لە نۆ هەزار مەتر بۆ نێو ماڵان و نزیکەی 2500 مەتر ڕاکێشانی ئاو لە ڕووبار بۆ عەمبار کە زیاتر لە 200 ماڵ لێی سود مەند دەبن .
گووتیشی:” لەو پڕۆژەیە ئاو لە ڕێگەی بۆری دەگوازرێتەوە بۆ عەمبارێکی ئاو بە ڕووبەری(15 × 12 )مەتر و بەرزی( 3 )مەتر، بەشێوەیەکی گشتی پڕۆژەکە گرنگە و چارەسەری یەکجاری گرفتی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندی شیوان لە سنووری فەرمانگەکەمان دەکرێت “.
شیوان گوندێکی بەرفراوانی دەڤەری برادۆستە و ساڵانێکە گرفتی ئاوی خواردنەوەی هەبوو، لە ڕێگەی تانکەر ئاو بۆ دانیشتوانی دابین دەکرا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کێشە و گرفتی ئاو لەو گوندە بەیەکجاری چارەسەر دەکات .

































































