تۆم باراك، نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ری دابه‌شبونی عێراق و سوریا بۆ كۆماری فیدراڵی هاوشێوه‌ی یوگوسلاڤیا هه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، كه‌سێكی لێهاتوه به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی نییه.
تۆم باراک، نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی “زه ناشناڵ” رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئیدارەکانی پێشوی ئەمریکا لەباره‌ی عێراق گرتوه‌و ئاماژەی بەوەداوه، تارانیان بەهێزكردو رێگەیان پێدا بۆشاییەكە پڕبکاتەوە.
تۆم باراك وتویه‌تی، ئێران پێشڕەوی کرد‌و بۆشایی عێراقی پڕکردەوە، چونکە پەیكەرێكی شێتانەمان دروستکردو وایكرد میلیشیاکانی ئێران هەژمونێكیان لەسەروی هەژمونی پەرلەمانەوە بێت.
نێردەی سه‌رۆكی ئه‌مریكا جەختی لەوە کردۆتەوە، عێراق وەک نمونەیەکی ڕونی ئەو هەڵانەیە كە نابێت ئەمریکا دوبارەی بکاتەوە.
گوتیشی: “سەرۆک وەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سودانی، پیاوێکی لێهاتوە، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینەی نییەو ناتوانێت هاوپەیمانی لە پەرلەمان پێکبهێنێت، بەهۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی و نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان، کە رێگری لە پرۆسەکە دەکەن”.
راشیگەیاند: واشنتۆن ملیۆنان دۆلاری خەرجكردو 20 ساڵی بەسەر برد بەبێ ئەنجامێك شایەنی باسكردن بێت، پێیشوایە ناتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
باراک لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا ئاماژەی بەوەكرد: کێشەی عێراق و سوریا لە ئەگەری ئەوەدایە دۆخەکە بگۆڕێت بۆ دابەشبون و کۆماری فیدراڵی بخولقێنێت مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد بدات، هەروەک چۆن لە یوگۆسلاڤیا رویدا.
هۆشداریدا لە مەترسییەکانی دابەشبون و نەبونی رێککەوتن لەسەر مۆدێلێكی فیدراڵی و رایگەیاند: رەنگە دروستکردنی فیدراڵییەکان تەنیا ماوەیەکی زۆر کورت بخایەنێت و دواتر شەڕ سەرهەڵبداتەوە.

































































