وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئەژین غەفار
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) چەند ڕاستییەکی لەبارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئاشکرا کردووە و دەڵێت: نزیکەی ۱.۳ ملیار کەس خاوەن پێداویستی تایبەتن لە جیهان.
ماڵپەڕی فەرمیی WHO چەندی ئامارێکی لەبارەی خاوەن پێداویستی تایبەت بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ۱٦٪ـی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن. کە دەکاتە نزیکەی ۱.۳ ملیار کەس، واتە لە هەر ٦ کەسێک دانەیەکیان خاوەن پێداویستی تایبەتە. خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئەوانەن کە گرفتێکی جەستەیی، ژیری یان دەروونیان هەیە و ناتوانن وەک کەسانی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەیان بکەن. وەک دواکەتنە ژیرییەکان، ئۆتیزم، فرەجوولە، کەم تەرکیزی، گرفتەکانی زمانەوانی، نابینا و نابیستان، ئاستەنگەکانی فێربوون و هتد…
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم سەرچاوە جیهانییە، هەندێک لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ۲۰ ساڵ زووتر لە کەسانی ئاسایی دەمرن، هاوکات دوو هێندەی کەسانی تریش تووشی نەخۆشیەکانی خەمۆکی، تەنگەنەفەسی، شەکرە، جەڵتە، قەڵەوی و نەخۆشی ددانەکان دەبن.
لەنێو کۆمەڵگەش ڕووبەڕووی نایەکسانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە. بەپێی داتاکانی هەمان لێکۆلینەوەیە، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ۱٥ جار قوڕستر دەستییان بە خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە و گەیاندن دەگات. هەروەها ڕووبەڕووی گاڵتەپێکردن، بێ بەشبوون لە خوێندن و دوورخستنەوە لە کاریش دەبنەوە.

































































