لە نوێترین ژمارەی ڕۆژنامەی فەرمیی عێراقدا، بە فەرمی بڕیاری خستنە لیستی تیرۆری هەریەک لە حیزبوڵای لوبنانی و گرووپی حووسییەکانی یەمەن بڵاوکرایەوە، هاوکات گۆڕانکاری لە ناوی سەرکردەیەکی دیاری گرووپە چەکدارەکانیشدا کراوە.
وەزارەتی دادی عێراق ژمارە ٤٨٤٨ی ڕۆژنامەی “وەقائیعی عێراقی” بڵاوکردەوە کە ڕێککەوتی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ی لەسەرە. تێیدا پاڵپشت بە بڕیارەکانی “لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان” لە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان، خراونەتە لیستی تیرۆرەوە. ئەم پۆلێنکردنە بەو واتایە دێت کە ئەو دوو گرووپە دەچنە چوارچێوەی ئەو کەس و قەوارانەی کە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بلۆککردنی سامان و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، گۆڕانکاری لە ناوی “ئەبو محەممەد جۆلانی”، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام کراوە و ناوەکەی بۆ “ئەحمەد حوسێن شەرع” گۆڕدراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای بڕیاری “لیژنەی سزاکانی سەر داعش و قاعیدە” لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە و عێراق وەک بەشێک لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا جێگیری کردووە.
لەم بارەیەوە، موراد ساعیدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی داد هیچ پەیوەندییەکی بە دەرکردنی ناوەڕۆکی بڕیارەکانەوە نییە، بەڵکو ئەرکی ئەوان تەنها بڵاوکردنەوەی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە دەردەچن، بۆ ئەوەی سیفەتی یاسایی وەربگرن و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

































































