تریفە عەزیز، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا، سەبارەت بە سەردانی كردنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەولێر رایگەیاند “سەردانی مایکل ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی کوردستان، دەرخەری زیاتری پابەندبوونەکانی واشنتنە بە هەرێمی کوردستان.
تریفە عەزیز، زیاتر روونیكردەوە “پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، لە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ گرینگیی زیاتریان پێ دراوە و پێشکەوتنی زۆر باشیشیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەم بەرەوپێشچوونانەش لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەورەترین کونسووڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە شاری هەولێر دەکاتەوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبوونی پێگەی سەرەکیی دیپلۆماسیی واشنتن و ڕەنگدانەوەی وەبەرهێنانی درێژخایەنە لە داهاتووی سەقامگیری و ئاسایش و ئابووریی ناوچەکەدا، کە ئەم دامەزراوەیە پشتگیرییەکی قووڵتر دەکات لە هەماهەنگی لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانی و وزە و پەرەپێدانی ئابووری، لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکییەکان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان”.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا باس رەهەندەكانی پشت سەردانی كردنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد و گووتی “سەردانی مایکل ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی کوردستان، دەرخەری زیاتری پابەندبوونەکانی واشنتنە بە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی ئامانجە هاوبەشەکانی سیاسەتی ئەمەریکا-عێراق. سەردانەکەی بەڕێزیان دوای سەردانە بازرگانییەکانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە ماوەی ڕابردوودا دێت، بەتایبەتی سەردانی شاندی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی و ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا-کوردستان، کە سەردانی ئەم شاندانە، ئاماژەیە بۆ بەشدارییە گرنگەکانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.


































































