کۆمپانیای دانە غاز ڕایگەیاند، دوای ئەو هێرشەی لەم دواییانەدا کرایە سەر کێڵگەکە، پرۆسەی بەرهەمهێنان لە دامەزراوەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە و گەڕاوەتەوە ئاستی پێشووی.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای دانە غاز لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بۆ بازاڕی ئەبو زەبی بۆ پەڕاوە داراییەکان ئاشکرای کرد، بەرهەمهێنان لە دامەزراوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانیش گەیشتووەتەوە دۆخی ئاسایی.
کۆمپانیاکە ڕوونی کردووەتەوە، ئەم دەستپێکردنەوەیە دوای جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵ و بەهێزکراو دێت کە لەلایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئیتیحادییەوە گیراونەتە بەر، بۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەردوو حکومەت بکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دانە غاز و هاوبەشەکانی جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان کردووەتەوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و دامەزراوەکانیان، هەروەها بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی غازی شلی نەوت (LPG) بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2025، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بە هۆی گڕ گرتنی یەکێک لە کۆگاکانی ئەم کێڵگەیە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ڕاگیران. ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە 80%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق و پچڕانی کارەبای نیشتمانی لەسەر هاووڵاتییان.


































































