محەممەد مەحموود- سۆران:
بەپێی ئامارەکانی بنکەی تەندروستی ژیانەوەی نوێ بۆ هاوسەرگیری لە سۆران ، مانگی 11زیاتر لە 300 کەس لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هاوسەرگیریان کردووە ، بەراورد بە مانگی 10 ئامارەکە کەمیکردووە.
د. وریا محەمەدەمین، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی ژیانەوەی نوێ بۆ هاوسەرگیری، بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە مانگی 11 ئاماری هاوسەرگیری بەراورد بە مانگی 10 کەمترە، بەڵام جیاوازیەکەی لە چاو مانگی ڕابردوو زۆر نییە، بە پێی ئەو پشکنینە خوێنانەی لە بنکەکەمان کراون لە مانگی یازدە، 338 کەس چوونەتە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری
لە مانگی 10، 345 کەس چووبونە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری، بەپێی ئەو ئامارەش بێت مانگی 10 ژمارەی ئەو کەسانەی لە سنووری ئیدارەی سۆران چوونەتە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری زیاتربووە له مانگی 11″.
د. وریا محەممەدەمین ، گوتیشی ” لە نێو ئاماری هاوسەرگیری ئەو مانگە 11 کەسیان هەڵگری تالاسیمابوونە، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی ژیانەوەی نوێ بۆ هاوسەرگیری، ئەو ئامارەشی خستەروو کە تایبەت بوو بەو کەسانەی لە رێگەی نیشنگەکانەوە هاتوونەتە سۆران و 19 کەس پشکنینی خوێنیان بۆ کراوە و 21 کەسیش لەوانەی لە رێگەی چاودێرییەوە نێردرابوون پشکنینی خوێنیان بۆ ئەنجامدراوە، لەوانەی لە ڕێگەی نیشنگەکانەوە هاتوون و پشکنینیان بۆ کراوە لەو 19 کەسە، کەسێکیان هەڵگری ڤایرۆسی ، H.B.S بووە.


































































