بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە و کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی سوپاسی هەردوو حکەمەتی عێراق وهەرێم دەکات بۆ گرتنەبەری رێکارە ئەمنییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ڕایگەیاند” بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتەوە ئاساتی ئاسایی خۆی، ئەویش دوای ئەو هێرشەی کە بەمدواییە کرایە سەر کێڵگەکە”.
كۆمپانیاكە زیاتر ڕوونی کردەوە ” ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان دوای ئەو ڕێکارە ئەمنییانە هات کە بە سوپاسەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە گیراونەتەبەر”.
کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی، پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی سەلامەتی کارمەند و دامەزراوەکانی و پشتیوانیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی غاز شل بۆ گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.
شەوی ٢٦ی مانگی ڕابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز ڕاگیرا و ٨٠٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان بڕا.
تا ئێستاش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیە ئاشکرا نەکراوە کە حکومەتی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەری پەلامارەکە پێکیهێنابوو.


































































